هەڵبژاردنی کەرکووک و چەند پەیڤێک بۆ پارتی

هەموو کەسێک دەزانێت بارستایی و هێزی ئابووریی ئەڵمانیا لە جیهاندا چەندە. بەهێزترین وڵاتی ئەوروپایە و لە جیهانیشدا یەکێک لە پێشەنگەکانە. بە نزیکەیی هەموو شتێک ناوازەیە و هیچ کێشەیەکیش لە ئارادا نییە. سەرەڕای هەموو ئەم وەسفانەی پێشکەوتن کە لەوێدا هەن، دیسانیشەوە رووناکبیر، ئەکادیمی و سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا، بە تەنگ دۆزینەوە وەڵامی ئەو پرسیارەن کە دەڵێت "چی بکەین بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوەببرێت".

بەڵام لە کوردستان دۆخەکە وەها نییە!

رووناکبیر، ئەکادیمی و سیاسەتمەدارانی کوردستان دەڵێن هەموو شتەکان "بە هەمیشەیی ناوازەن" کەچی لەودیو دەرگا داخراوەکاندا باس لە پێچەوانەکەی دەکەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هیچ شتێک بە باشی ناڕوات.

لە ساڵی 1991 بەدواوە لە باشووری کوردستان، ئێمە بووینە گەواهیدەری زۆر شتی پڕ لە رۆشنایی. بەڵام هەمان خێرایی لە "سیاسەتی گشتیی کورد" نابینین. جا ئەم دۆخە لەبەردەم کوردان – بەتایبەتیش لە بەردەم پارتی دیموکراتی کوردستان ئاستەنگ دروست دەکات.   

***

کاتێک قەڵەم دەگرمە دەست، عادەتی ئەوەم نییە کەسایەتی و دامەزراوەکان بکەمە ئامانج. بەڵام لەم دۆخەی ئێستا تێیداین، هەڵوێستی چەند ستافێکی سیاسی کە بە هیچ جۆرێک وەڵام نین بۆ کێشە هەنووکەییەکانی کوردستان، راستەوخۆ د. مەحمود عوسمان دێتەوە یادم.

د مەحمود عوسمان کە پێگەیەکی گرنگی لە شۆڕشی 1961 هەبووە، یەکێک لەو کەسانە بووە کە بارزانی نەمر زۆرترین متمانەی پێی هەبووە.

 

 مستەفا بارزانی هێندە متمانەی بە عوسمان هەبوو، تەنانەت نهێنیترین کارەکانی لەگەڵ ئەودا رادەپەڕاند. لە شۆڕشی ئەیلوولدا د مەحمود عوسمان یەکێک لەو کەسانە بوو کە رابەرایەتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلیان دەکرد.

د مەحمود عوسمان ئاگاداری هەموو وردەکارییەکی شۆڕشەکەیە. بەگوێرەی ئەو هەموو شتێک ناوازە بوو و هیچ کەم و کوڕییەک لە ئارادا نەبوو. ئەوانەی باسی کەم و کوڕییەکانیان دەکرد، رووبەڕووی تووڕەیی د مەحمود عوسمان دەبوونەوە.

***

دوای ئەو رێککەوتنەی 'رێککەوتنی بەرگری' رووسیای سۆڤیەت ساڵی 1973 لەگەڵ بەغدا کردی، دۆخێکی نوێ لە کورستان هاتە ئاراوە.

بەغدا  کە خۆی لە پشت رووسیای سۆڤیەت حەشاردا بۆ دەستخستنی گرەنتی، هەوڵی لەنێوبردنی دەستکەوتەکانی کوردی "ئۆتۆنۆمی" دەدات.

 

بەشێک لە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەم دۆخە ناڕەحەت بوون، جارجار نائارامیی خۆیان دەربڕی، بەڵام بەڕای د. مەحمود عوسمان هەموو شتێک ناوازە بوو.

لەو رۆژانەدا (1974) پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنفرانسێکی لە دەرەوەی وڵات، لە بەرلین رێکخست کە د. مەحمود عوسمان رێکخەر و سەرۆکی کۆنفرانسەکە بوو. لە کاتێکدا یەکێک لە بەشداربووان کە ئەندامێکی حزب بوو، سەرنجی بۆ دۆخی کوردستان راکێشا و گلەیی لە نەبوونی سیاسەت و نادڵنیایی و نەبوونی شێوازێکی سیاسی بۆ دۆخەکە کرد.

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆنفرانس د. مەحمود عوسمان بەرپەرچی ئەو ئەندامەی دایەوە وگوتی؛

"پارتیمان ئاگاداری هەموو پێشهاتەکانە. با هیچ کەسێک باس لە نادیاری و ناڕوونی نەکات. ئێمە زۆر باش دەزانین چی دەکەین. سیاسەت و ستراتیجیەتمان هەیە و مستەفا بارزانی کە فەرهەنگی سیاسیی ئێمەیە، بەسە و چیتر قسەی بێماناش مەکە...!"

بە جۆرێک قسەی بەو ئەندامانەی پارتی گوت کە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردبوو.

***

ساڵێک بەسەر کۆنفرانسەکەدا تێنەپەڕی، شۆڕشی ئەیلوول بە بارزانی نەمر رابەرەکەی بوو، ساڵی 1975 پەرتەوازە بوو و کورد تووشی داڕوخانی خەونەکانی بوو...

 

نزیکەی تەواوی ئەو ستافە سیاسیەی نەیانتوانی باس لە کاریگەرییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر کورد بکەن، بە یەک دەنگ مستەفا بارزانییان تۆمەتبار کرد.

تەنانەت بەشێک لە کوردانی "پشتگیری سۆڤیەت" بۆ ئەوەی حەق بە پشتیوانیەکانی سۆڤیەت بۆ سەدام حسێن بدەن، تا ئەو رادەیە ئاستی خۆیانیان خستە بەر پێ کە دەیانگوت:"هەنگاوەکانی سەدام حسێن پێشکەوتنی لە هەنگاوەکانی مستەفا بارزانی زیاترە"

ئیتر رێک لەو کاتەدا د. مەحمود عوسمان کە دەیگوت"فەرهەنگی سیاسیی ئێمە مستەفا بارزانیە و ئەو بەسمانە، چووە ریزی کاروانی کوردانی لایەنگری سۆڤیەتییەکان و یەکەمین کتێبی لە دژی مستەفا بارزانی نووسی کە تێیدا تۆمەتی گەورەی دایە پاڵی.

لەکاتێکدا مەحمود عوسمان لەکاتی شۆڕشدا دەیگوت هەموو شتێک ناوازەیە و رێگەشی بە هیچ کەسێک نەدەدا رەخنە بگرن!

ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕی؛

رووسیای سۆڤیەت کە مان و نەمانی کوردانی لایەنگری سۆڤیەت بوو، پەرتەوازە بوو. بە گۆڕانی کەشوهەوای سیاسی، مەسەلەی کوردستان جارێکی دیکە بەهۆش خۆی هاتەوە و لەگەڵ بەدەستهێنانی ستاتۆ لە باشووری کوردستان لە ساڵی 1991، بە شێوەیەکی بەرچاو گەورە بوو.

ئەو ستاتۆیەی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەشەکانی دیکەش دروستکرد کە رووبەڕوی توانەوەی کوردبوون ببوونەوە.

بەڵام لەم رۆژەدا کە ئێمەی تێداین، پێموایە ئەم رەخنەیە لە جێی خۆیەتی:

"لەم قۆناغە ئەرێنییەی کوردان، پارتی دیموکراتی کوردستان کە پرسی کوردی بە بنەما گرتووە و لە پێگەی قەڵای کوردانە و هەر بۆیەش دەکرێتە ئامانج، بە هۆی ئەوەی سیاسەتێکی بەهێز ناکات، رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو لاوازبوون دەچێت"

***

پارتی کە قەڵای کوردانە، لە کەرکووک دەرکرا

پارتی قوربانیی زۆری بۆ کەرکووک دا. هۆکاری سەرەکیی هەرەسهێنانەکەی 1975یشی ئەوە بوو کە دەستی لە کەرکووک هەڵنەگرت.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەرکووک کە ساڵی 2017 بەڕێوەچوو، سیاسەتی دەستهەڵنەگرتن لە کەرکووکی پەیڕەو کرد و لە لایەن وڵات و هاوکارە ناوخۆییەکانییەوە کە سەرقاڵی تێکدانی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بوون، لە کەرکووک دەرکرا.

هەموو سامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەستی بەسەردا گیرا و تاڵان کرا و سووتێنرا... دوای ئەو هەموو دۆخە نەرێنییە، قۆناغێکی نوێ بۆ کەرکووک لەگەڵ هەڵبژاردن دەستی پێکرد.

شارەزایی باڵای سیاسی و کۆنسێپتی سیاسی و هەوڵی سیاسی پێویست بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەدا بگونجێت. پارتی کە لە کەرکووک بە سەختی بریندار ببوو، ناچار بوو پلان دابڕێژێت بۆ ئەوەی هەم برینەکانی ساڕێژ بکات و هەم سەرکەوتنیش بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی کە ساڵانێک بوو قوربانیی بۆ دابوو.

بەڵام پارتی بۆ ئەمە ئامادە نەبوو. چونکە لە کەرکووک د مەحمود عوسمانەکان نوێنەرایەتیی پارتییان دەکرد. ئەوان دەیانگوت هەموو شتێک ناوازەیە.

 

ئەو پێشنیازانەی لەلایەن خەڵک، ئەندام، ستافی حزب، دۆستان و جەماوەرەوە ئاراستە دەکران، بە هێند وەرنەدەگیران و مەحمود عوسمانە تازەکان هەموو شتێکیان دەزانی. بەگوێرەی ئەوان، هیچ کەم و کوڕییەک نەبوو.

***

بەڵام مۆمی درۆزن هەتا عیشا رووناکی دەدات!

دوای هەڵبژاردنەکان روون بووەوە کە هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەناچێت و ئەوەی لە ژێر فەرشەکە بوو، هاتە سەر فەرشەکە.

پارتی کە ساڵانێک لە کەرکووک قوربانی دا، دەبوو لانیکەم پێنج کورسی بەدەست بهێنێت. بەڵام تەنیا دوو کورسی بەدەست هێنا.

یەکێک لە کەسایەتییە بەرپرس و دیارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، د کەمال کەرکووکی بوو کە کاتێک شۆڕشی 26ی ئایار دەستی پێکرد، دەستبەرداری خوێندنی پزیشکی بوو کە تازە دەستی پێکردبوو، بەڵام ئەو پێی باشتر بوو ببێتە پێشمەرگە.

 

د. کەمال کەرکووکی؛

قارەمانێک بوو کە لە گرتووخانەی ماماکی ئەنقەرە و ئێراندا بریندار و زیندانی کرا

بەڵام کەمال کەرکووکی لەو کەرکووکەی تەواوی دوژمنانی کورد تێیدا جمەیان دێت، بەداخەوە کە ناتوانێت قارەمانییەتییەکەی بگۆڕێت بۆ قارەمانییەتییەکی سیاسی.

چونکە ئەم سیاسەتەی ئێستا ئەویشی تێپەڕاندووە.

پێویستە هەم خۆی و هەمیش پارتەکەی، ئەم دۆخە ناهەموارە ببینن.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان، پێویستە چی زووە د. مەحموود عوسمانەکان دەستنیشان بکات و بیانباتە شوێنی شیاوی خۆیان.

 

دەزانن لەبەرچی؟

چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات؛

کەرکووکی زیاتریش لەدەست دەچن!

کاتێکی زۆر کەم بۆ هەڵبژاردنی گشتی کوردستان ماوە

 


رۆژهات ئامەدی

24-12-2023


"پاشناوی من (کوچوک) بچووکە، بەڵام کاری گەورەم لەپێناوی ئەم دەوڵەتە کردووە"