دیوی دواوەی پرسی چارەسەری: هیچ کەسێک قەبووڵی ناکات - باشە کێ کۆتایی بە ''پرۆسەی چارەسەری'' هێنا؟

سیاسەتی ئەم دواییەی تورکیا ئەگەر تێیبڕوانرێ دیارە کە لەگەڵ ئەو تێگیرانەی روویداوە ،دووبارە دەستکرایەوە بە هێنانەئارای باس و خواسی ''پرۆسەی چارەسەری''. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەو رۆژەڤە کە ئەسڵەن خۆی هۆکارە بۆ ئەمە، ئەوەیە کە سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان لە مێترۆپۆڵەکەی کوردستان کە دیاربەکرە، لەپێناوی دووبارە بەدەستهێنانەوەی متمانە لەرزیوەکەی گوتی:"ئێمە کۆتاییمان بە پرۆسەی چارەسەری نەهێنا، هەدەپە کۆتایی پێهێنا".

هەدەپە وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و رایگەیاند:"هەدەپە کۆتایی بە پرۆسەی چارەسەری نەهێنا، بەڵکو ئەو کەسەی گوتی [من دانووستاندنەکانی دۆڵمەباخچە ناناسم] کۆتایی پێهێنا". بەڵام هەردوولایان فاکتەرگەلێکیان لای خۆیان شاردووەتەوە.

 من لەم نووسینەمدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر ئەو فاکتەرانە!

هەرچەندە هەندێک لە ژینگە سیاسییەکان و دەوروبەرەکان ئاگاداری پێشهاتەکانن، بەڵام  بۆ ئەوەی بابەتە لەبەر دیدی رای گشتی رووناک بێت، پێویستە پەنجە بخرێتە سەر ئەو تەوەرانەی کە هەردوو لا خۆیانی لێ دەپارێزن. تورکیا خۆی لە فاکتەری ئێران لادەدات کە هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە لە نێودایە، هەروەها هەدەپەش خۆی لە فاکتەری قەندیل لادەدات.بە شێوەیەکی دیکە بڵێین تورکیا پاڵپشتیی ئێران و هەدەپەش پاڵپشتیی قەندیل دەکات.

 

دەمەوێ باس لەو دیدارە بکەم کە شاندێکی توێژینەوەی ئاکەپە لە هەولێر، نزیکەی ساڵێک بەر لە کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەری (2015) لەگەڵ خۆمدا ئەنجامیاندا.  

لەو چاوپێکەوتنەدا کە بە دەمەقاڵێ بەردەوام بوو، شاندی توێژەرانی ئاکەپە لەو بڕوایەدا نەبوو پرۆسەی چارەسەری کۆتایی بێت. منیش باسم لە بوونی هەوڵێکی جددیی لایەنەکان بۆ کۆتایی پێهێنانی پرۆسەکە دەکرد.  لەو چاوپێکەوتنەمدا باسم لەوە کرد کە تورکیا و ئێران سەرەتا لە هەوڵی کۆتاییهێنانن بە رۆژئاڤا. هاوڕێک لەگەڵ ئەمەدا تیشکم خستنە سەر هەوڵەکانی جەنەراڵ قاسم سلێمانی (کوژراو لەلایەن ئەمریکا) بۆ بەشەڕدانی پەکەکە.

شاندەکە بە دڵنیاییەوە جەختیان لەسەر تەندروستبوونی پرۆسەی چارەسەری کردەوە و رەتیانکردەوە هیچ پاشەکشەیەک هەبێت و هەر بەمجۆرەش لای من رۆیشتن. هەمان شاند ساڵێک دواتر راپۆرتێکیان لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی خەندەق ئامادەکردبوو و نووسیبوویان؛ رۆژهات ئامەد ساڵێک لەمەوبەر لە هەولێر باسی لەم دۆخە کردبوو.

بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان:

سەرەتا ئەوەی بیەوێت شوونی تەواوی کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەری بدۆزێتەوە، دەبێت بە باشی خوێندنەوە بۆ ساڵانی 2014 و 2015 بکات.

دەرکەوتنی داعش، حوکمکردن بە ئەمری واقع لەلایەن ئیدارەی باشووری کوردستان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و دەستکەوتەکانی کوردانی باشووری رۆژئاوا دەکەوێتە ئەو ساڵانە. 

ئەو پێشهاتانە کە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم ئەو هیلالە دروستدەکات کە ئێرانی شیعە لە خەیاڵی خۆیدا دایناوە، ئێرانی تابڵێی نیگەران کردبوو. ئەوە بوو ئێران جامبازییەکەی خۆی خستە کار کە بە درێژایی مێژوو لەگەڵیدا راهاتووە، یەکەمین یاریشی تێکدانی نێوان تورکیا و کورد بوو.

خاڵێکی دیکە کە جێی سەرنجە کۆتاییهاتن بە پرۆسەی چارەسەری و دابەزینی پەیوەندییەکانی تورکیا و باشووری کوردستان بوو بۆ کوچەیەکی داخراو. چونکە ئەمانە لە هەمان سەردەمدا روویاندا. ئەو پێشهاتانە وەها روویاندا تەنانەت کوردانیش نەیانتوانی بە پێوەری گونجاو خوێندنەوەی بۆ بکەن. هەر بۆیە بوونە ئەسیری دەستی مەرجەکانی ئێران.

ئێران سەرەتا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەتایبەتیش پەرلەمانتارانی ئەو پارتەی لە بەغدا، بە ئەسیر گرت و بودجەی کوردستانی بڕی. لەولاشەوە بۆ لێدان لەو پرۆسە چارەسەرییەی ساڵی 2013 ئۆجەلان و ئاکەپە دەستیانپێکرد، پەکەکەی قەندیلی ئامادەکرد بۆ شەڕی دژ بە تورکیا. ئەو چەکانەی پەکەکە لە یەکەم مانگەکانی 2014 و 2015 گواستنیەوە، لە مێژووی خۆیدا ئەو قەبارە و بڕە نەبینرابوو. (لەمبارەیەوە پەیوەندییەکانی قاسم سولەیمانی و جەمیل بایک لە داهاتوودا لەو کتێبەم باس دەکەم کە پلانم بۆی داناوە)

تورکیا کە پەی بە بابەتەکە بردبوو، بێ ئەوەی هیچ رێوشوێنێک دژی تێکدەرییەکانی ئێران بگرێتەبەر، لەگەڵ داعش دەستی بە کاری ژێر بە ژێر کرد. ئیدی ئەو گوتەیە ناسراوەی سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان گوتی ''هەر بزانن کۆبانێ کەوت'' رێک لەو کاتانەدا بوو.   

 

بەڵام کۆبانێ نەکەوت، تورکیا لە ترسی دەوڵەتی کوردی چووە بەرەی ئێران و ئەو بەرەیەش هەوڵدرا لەڕێی رووسیاوە فراوانتر بکرێت. ئەمریکا کە ئەمەی بینی هەم لە باشوور و هەمیش لە باشووری رۆژئاوای کوردستان پشتیوانییەکانی زیادکردن، ئەوەبوو کورد لە شەڕی دژی داعشدا داستانی تۆمارکرد.

کوردان لە ماوەیەکی کەمدا خۆشەویستی و سۆزی جیهانیان بەلای خۆیاندا راکێشا و دواتریش پێشکەوتن و بەهێزبوون.

لە ژێر سێبەری ئەو پێشکەوتنەی باشوور و باشووری رۆژئاوای کوردستان، هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو.

لەو هەڵبژاردنەدا ئاکەپە کە لەگەڵ پەکەکە دانوستاندنی کردبوو و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی باشووری کوردستان لە ئاستێکی باشدابوو، وا دانرابوو لە حوکم نەمێنێت. کوردەکان و ئەوانەی هاوڕێک لەگەڵیدا هاوهەنگاو بوون و دەکرا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەن قسەی خۆیان بن، هەروەها ئاکپارتی لە نێو ئەو قۆناغەدا بوو. ئێران کە دەستپێکەری ئەو هەڵمەتە بوو ئەمەی بینی و کەمالیست، جەماعەت، چەپ و پەکەکەش چوونە ناو یارییەکەیەوە.

 

هەڵبژاردن بەڕێوەچوو..

هەدەپە کە لە سایەی داستانی دژ بە داعش لەلایەن کوردەوە سەرکەوتنێکی ناوازەی بەدەستهێنا، بەهۆی ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، دەستی بە دژایەتیکردنی ئاکەپە و ئەردۆغان کرد و بە تەواوەتی بەردی بناغەی کۆتاییهێنانی یەکجارەکیی بە پرۆسەی چارەسەری دانا. لە دوای ئەوەش شەڕی ناسراوی خەندەق دەستیپێکرا.

لەکاتێکدا هەدەپە بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێو ئەو بۆسانەی ئاکەپە داینابوون دەبوو بڵێت :''ئێمەش لە چوارچێوەی ئەو سەرکەوتنەی بەدەستمان هێناوە، ئامادەی دیدارین لەگەڵ ئاکەپە سەبارەت بە پێکهێنانی کوالیسیۆن''.

بەڵام هەدەپە لەبری ئەمە بە گوتنی ''ئەردۆغان، نایەڵین تۆ ببیت بە سەرۆک''، داخڵی ئۆرکێسترای ئێران، جەماعەت، جەهەپە و کەمالیستەکان بوو. تەنیا ئەمە نەبوو، لەکاتێکدا ئەردۆغان بیری لە هەدەپە دەکردەوە وەکو هاوبەشێکی کوالیسیۆن، راگەیاندنی خۆسەری لە چەند باڵێکی هەدەپەوە و لە زۆر شوێندا هەڵبەتە یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکانی کۆتاییهاتنی پرۆسەکە بوو.

 

لەو رۆژانەدا زۆر خاڵی باش و زەمینەی ئەرێنی لەدەستی هەدەپەدا بوون، بەڵام بەکاریان نەهێنا، یانیش نەیانتوانی بەکاریبهێنن. پێویست ناکات لە بەرامبەر ئەو خاڵەی ئێستا هەدەپە تێیکەوتووە تووشی سەرسوڕمان بن. پارتێک کە پێشنیازی کوالیسیۆنی بۆ کرا شوێنەکەی بۆ پارتێکی شۆڤێنیی وەکو مەهەپە بەجێبهێڵێت، پێویستە کەمێکیش لێپرسینەوە لەو تێگەیشتنەی بکرێت.

هەدەپە بەم هەڵانەی کردی هەنگاوی پێشوەختی بۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەری هەڵهێنا و زەمینەسازیی بۆ شەڕ و پێکدادانەکانی خەندەق کرد. ئەگەر بە رەهەندە حسابییەکەوە لێی بڕوانین، هەنگاوی پێشوەختەی بۆ داگیرکرانی رۆژئاڤاش هەڵهێنا. دۆخەکە وەهایە، هیچ رێگەیەکی تێناچێت هاوبەشی کوالیسیۆنێک کە هەدەپەی تێدایە، یاخود حکومەتێک کە هەدەپە پشتیوانیەتی ئەو داگیرکارییە بکات. بەڵام هەدەپە ئەوەی نەکرد کە پێویست بوو. ئەوان لە قەندیلەوە، قەندیلیش لە ئێرانەوە فەرمانی وەرگرت، هەدەپە کەوتە جۆشوخرۆشی جەماعەت و کەمالیستەکان.

 

بەڵێ، هەدەپە و ئاکەپە نەبوون کە کۆتاییان بە پرۆسەی چارەسەری هێنا. ئاکەپە و بەتایبەتیش هەدەپە کەوتنە نێو ئەو یارییانەی بۆیان دانرابوو. هیچ کەس باس لەو راستییانە ناکات، بەڵام دوو کەس کە ئێستا لە مەیدانی سیاسەتدا نابینرێن، بە باشی ئەو راستییانە دەزانن کە ئەوانیش لەیلا زانا و سڕڕی سورەییان ئۆندەرن.

 

سەرۆک بارزانی ساڵی 2013 لە سەردانەکەی بۆ دیاربەکر، سەرسام بوو بە دەستپێکردن و بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەری. لە هەمان کاتدا ئەو سەردانە بۆ پێشخستنی زیاتری پرۆسەکە زۆر گرنگ بوو.

لە لایەکی دیکەوە لەیلا زانا و سڕڕی سورەیا ئۆندەر گەواهیدەری نووسینەکانی نێوان سەرۆک بارزانی و عەبدوڵا ئۆجەلان و پێشهاتەکان لەوبارەیەوە بوون. 

سەرۆک بارزانی لەو سەردانەی ساڵی 2015 بۆ ئەنقەرە کردی، پرسیاری لە لەیلا زانا و سڕڕی سورەییا ئۆندەر کردووە و گوتووێتی:"ئێوە بۆچی لەگەڵ ئاکەپە هاوپەیمانیتان نەکرد و ئاکەپەتان مەحکومی مەهەپە کرد؟"، زانا و ئۆندەر لە وەڵامدا گوتوویانە:"ئێمە ویستمان، بەڵام قەندیل رێگر بوو".

 

بەڵێ، قەندیل کۆتایی بە پرۆسەکە هێناوە. بەڵام ئاکەپە ناچار نەبوو لەگەڵ مەهەپە رێ بکات. بەڵێ قەندیل کۆتایی بە پرۆسە هێناوە، بەڵام دەکرا هەدەپە ئەو سلۆگان و هەڵوێستە ناپێویستانە نەنوێنێت کە لەڕێیەوە هەژموونی خۆی دابەزاند.

 


رۆژهات ئامەدی

١٧-٧-٢٠٢١

نووسینەکانیتر: ئیدی کوربوون شوورەیی نییە