زیرەکی دەستکرد بۆ گوگڵ ماپ زیاددەکرێت

زیرەکی دەستکرد بۆ گوگڵ ماپ زیاددەکرێت

پەیامی کورد... زیرەکی دەستکرد بۆ گوگڵ ماپ زیاددەکرێت



کۆمپانیای گوگڵ دەیەوێت چەند تایبەتمەندییەکی گەورە و هەمەلایەن و نوێ بۆ خزمەتگوزاری نەخشەسازی و گەشتیاری گوگڵ ماپ (Google Map) لە چەند مانگی داهاتوودا زیادبکات.

لە بەیاننامەیەکدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکراوەتەوە، گوگڵ ئاماژەی بە تایبەتمەندی (Immersive View for Routes) کردووە، کە بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسی گوگڵ ئای ئۆ لە سەرەتای ئەمساڵدا ئاشکرایکردووە، ئەو تایبەتمەندییەش رێگا بە بەکارهێنەران دەدات بەشێوەیەکی جیاواز و راستەقینە دیمەنەکان ببینن.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ تێکەڵکردنی ملیارەها دیمەنی شەقام و وێنەی ئاسمانی بۆ ئەوەی بەکارهێنەر بتوانێت سیمای ڕاستەقینەی ئەو شوێنانە بزانێت کە سەردانیان دەکات پێش ئەوەی بەڕاستی بگاتە ئەو شوێنانە.

بڕیارە ئەم هەفتەیە تایبەتمەندی (Immersive View) لە شارەکانی ئەمستردام، بەرشەلۆنە، دبلن، فلۆرانس، لاس ڤێگاس، لەندەن، لۆس ئەنجلۆس، میامی، نیویۆرک، پاریس، سانفرانسیسکۆ، سان خۆسێ، سیاتڵ، تۆکیۆ، و ڤێنیز، بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایل هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس بەردەستبێت.

بێجگە لەو تایبەتمەندیە، گوگڵ تایبەتمەندی (Lens in Maps)ی خستووەتەگەڕ، کە یارمەتی بەکارهێنەر دەدات بە بەکارهێنانی کامێرای مۆبایل لە خزمەتگوزاری گووگڵ ماپدا بگەڕێت.