ئەمریكا: لە ئێران پێشلكارییەكان بەرامبەر بە مافی مرۆڤ زیادیان كردووە

ئەمریكا: لە ئێران پێشلكارییەكان بەرامبەر بە مافی مرۆڤ زیادیان كردووە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، پێشلكارییەكان لە وڵاتەكەدا زیادیان كردووە، تەنیا لە پرۆسەی لە سێدارەدان بە ڕێژەی 37% زیاد بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی نیسان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو كردەوە و هاتووە: پێشلكارییەكان لە بەرامبەر بە مافی مرۆڤ بەشێوەی فراوانتر زیادیان كردووە.

لە راپۆرتەكەدا فۆكەس خراوەتەسەر، مافەكانی ئافرەتان، بەتایبەت بەزۆر سەپاندنی سەرپۆش(حیجاب)، هەروەها پرۆسەی لە سێدارەدان زیادیكردووە، گەمارۆی توند خراوەتەسەر ئازادی رادەربڕین و گرتنی رۆژنامەنووسان.

راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دووپاتی لەوە كردووەتەوە ، لە ساڵی 2023، 798 كەس لە سێدارە دراون، بەراورد بەساڵی 2022 بە ڕێژەی 37% زیادیكردووە.

هاوكات ئاماژە بەوە كراوە، ئێران 22 هەزار كەسی ئازاد كردووە، كە لە خۆپێشاندانەكانی 2022 دەستگیركرا بوون.

راپۆرتەكەی روونی كردووەتەوە، دادگای سەربەخۆ نییە، كوشتنی نایاسایی لەلایەن دەسەڵات و بریكارەكان، رفاندن و ئەشكەنجەدان نامرۆڤانە بەردەوامە.

لە راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راگەیەنراوە، خراپ مامەڵە لەگەڵ منداڵان كراوە، كە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە وەك سەرباز، لەلایەن میلیشیاكانەوە لە عێراق، سووریا و یەمەن بەكارهێنراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ساڵانە راپۆرتی خۆی لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ، لەبارەی چەندین وڵات بڵاو دەكاتەوە، بەراوردكاری بۆ رێژەكە دەكات، زۆرتر لەبارەی مافی مرۆڤ، ئازادی رۆژنامەگەری و رادەبڕین، ئافرەتان دەخاتەڕوو.