سەندیکای پزیشکانی عێراق: سەنتەرەکانی جوانکاری هۆکارن بۆ تووشبوون بە ئەیدز

سەندیکای پزیشکانی عێراق: سەنتەرەکانی جوانکاری هۆکارن بۆ تووشبوون بە ئەیدز

ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی ئەیدز لە عێراق 2600 کەسی تێپەڕاند و سەندیکای پزیشکانیش سەنتەرە بێمۆڵەتەکانی جوانکاری بەهۆکارێکی گواستنەوەی نەخۆشییەکە وەسفدەکات و هۆشداریی دەدات لە سەردانیکردنی ئەو سەنتەرانە.

د. ماجید شەنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاندووە، "بەگوێرەى بەدواداچوونەکانمان 2638 حاڵەتی تووشبوون بە ئەیدز لە عێراق تۆمارکراون، لەگەڵ 470 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە چەند ساڵی رابردوودا".

راشیگەیاندووە، "چەند حاڵەتێکی تووشبوونی مناڵانی تازە لەدایکبوو بە ئەیدز تۆمارکراون، بەهۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە دایکەکە بۆ منداڵەکەی، یاخود بەهۆی گواستنەوە و وەرگرتنی خوێنەوە".

لەلایەکی دیکەوە، د. سەفا شبر، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق بۆ رۆژنامەی سەباح قسەی کردووە و رایگەیاندووە، "نەخۆشیی ئەیدز ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت دەبێتەهۆی مردنی کەسی تووشبوو، نیشانە پێشکەوتووەکانی نەخۆشییەکە دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە نەخۆشەکەدا دەردەکەون".

راشیگەیاندووە، "بەگوێرەى رێوشوێنە پزیشکییەکانی پێشوو، تێکەڵبوونی تووشبووانی ئەیدز بۆ ناو کۆمەڵگە رێگەپێدراو نەبوو، بەڵام بەهۆی بوونی چارەسەری پێشکەوتوو، ئێستا نەخۆشەکان دەتوانن تێکەڵی کەسانی چواردەوری خۆیان بن".

سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق هۆشداریی دەدات لە سەردانیکردنی سەنتەرە بێمۆڵەتەکانی جوانکاری و دەڵێت، "سەنتەرەکانی جوانکاریی کە مۆڵەتی تەندروستیان نییە لەگەڵ تاتۆکردن، یەکێکن لە رێگەکانی تووشبوون بە نەخۆشی ئەیدز".