د. عەبدۆلباست سەیدا بۆ : ئێمە سەرۆکێکمان هەیە خودان مێژوو و خەباته‌

د. عەبدۆلباست سەیدا بۆ : ئێمە سەرۆکێکمان هەیە خودان مێژوو و خەباته‌
پەیامی کورد   ...  د. عەبدۆلباست سەیدا بۆ : ئێمە سەرۆکێکمان هەیە خودان مێژوو و خەباته‌

د.عەبدولباست سەیدا، نووسەر و سیاسەتمەداری دیاری کورد لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە : گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕوودەدەن و لە قۆناغێکی نوێداین، ئێستا لەنێو گۆڕەپانی سیاسیدا وا دیارە گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدەن، قەرەباڵغیێکی گەورەی سیاسی لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.. لە بوارەکانی جوگرافی، سەربازی، گاز و پەترۆل، ئیستاش دنیا سەرقاڵی ژیری دەستکردە، هەمووانیش دەیانەوێت بێبەش نەبن لەم بوارەدا، ئێستا لە جیهاندا شێوازی دانوستاندن و شەڕیش گۆڕاوە، بە بۆچوونی من ئێستا ئەوەی نائامادەن بۆ ئەم گۆڕانکاریانە “بەداخەوە” تەنیا کوردن، کاتێک ئەم گۆڕانکاریانە ڕوودەدەن دەبێت بزانین ئەم گۆڕانکارییە جۆرین نەک گۆڕانکاری ئاسایی و سرووشتی، ناوچەکەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەو خەڵکانەی دەبنە قوربانی خەڵکی ئاسایی و بێهێزن و هەر ئەوانیش باجەکەی دەدەن، خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان زوڵمێکی گەورەیان لێ کرا، زیاتر لە ملیۆنەک کەس کۆچبەربوون، ئەگەر دەرفەتێک بۆ ئەوانەی ئێستاش درووستبێ لەو بڕوایەدام نیوەی تریش لەوانەی ئێستا ناوچەکە بەجێ دەهێڵن.

دەشڵێت: ئێستا ئەو هێزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دایە، بە دیاریکراویش پەکەکە زۆر زوڵم و ستەمی لە خەڵک کردووە و دەستی بۆ زۆربەی شتەکان بردووە، ئیستا خەڵک دەبینێت ئەوان چی دەکەن، لەو کاتەشەوە هەر ئەو ڕەخنەیەمان لەو هێزە هەبوو کە ئەمانە بە کەڵکی سیاسەت و بەڕێوەبردن نایەن، بەڵام ئێستا ئەوە دەرکەوت ئەم هێزە چی بەسەر ئەو گەلەدا هێنا، هەندێک خەتای هێزەکانی تریشی تێدابوو چونکە ئێستا زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخستنی کورد لەو پارچەیەی کوردستان هەیە، ئێستا ئەوەی جێگای هیوایە و ڕۆناکی لێ بەدیدەکرێت هەرێمی کوردستانە، بەڵام پیلان لە دژی ئەم هەرێمە دەکرێ، ئەوەی کوردستان پێی بکرێت ناهێڵێت ئەم پیلانانەی لە دژیان دەکرێت سەرکەوتوو بن، بۆ هەمووان ڕۆنبوویەوە ئەوەی دژی هەرێمی کوردستان بێت ڕاستەوخۆ دێت دژی پارتی و بارزانی دەوەستێت، چونکە ئەمانە وەک ستونێکن بۆ کوردستان، لایەنەکانی تر کێشەیان نییە چی بکرێت و چی هەبێت، ئەوەی گرنگە بۆ ئەو لایەنانە تەنیا سەرگرتنی بەرژوەندییەکانیانە، ئەوان بیری بوونه دەوڵەتیان نییە.

سەیدا ئاماژەیشی دا: "ئێستا لە ڕۆژئاڤایی کوردستانیش ئەو مێشکەی کوردەواری نییە، کرێکاری ڕژێمی سووریا هاتوون دەستیان بەسەر ئەو پارچەیەدا گرتووە، ئەمریکاش بۆخۆی بەکاریان دەهێنێت و ئێستا جێگای پرسیارە و دەڵێم ئەگەر ئەمریکا سووریا بەجێبێڵێت چی ڕوودەدات؟ ئەمە جێگای هەڵوەستەیە!

زیاتر لە ١٠ هەزار کچ و کوڕی ڕۆژئاوا شەهیدکران لە پێناو ڕۆژئاوای کوردستان بەبێ هیچ گەرەنتیەک بۆ ئەو پاڕچەیە.

پەیەدە عامیلی ڕژێمە و قەندیل بە ڕاشکاوانە دەڵێت: ئەگەر ئەوان نەبوونایە ڕژێم دەڕوخا، خەمیان نییە ملیۆنێک کورد ڕۆژئاوایان بەجێهشت و سبەینێش دەچن دانوستاندن لەگەڵ ڕژێم دەکەن، ئەوەی جێگای داخە نەوەیەکمان بۆ کەوتووەتەوە بێ خوێندنە، ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوا دەخوێندرێت هیچ ستاتۆیەکی یاسایی نییە، ئەوەی فێریشدەکرێن مەنهەجی پەکەکەیە، ئەم نەوەیە سبەی ناتوانێ ڕووبەڕووی خەڵک ببێتەوە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە بۆ ئایندەی نەوەی داهاتوو، ئەنەکەسەش دەبوایە کارێکی کردبا، لەم چەندین ساڵەدا هیچی نەکرد، لە دەرەوەبوون و نەیانتوانی ببنە بەدیلی پەیەدە و ساڵانێکی زۆر بوو دەیتوانی ببنە بەدیل، بەڵام ئێستاش بەخۆیدابچێتەوە و هەڵەکانی خۆی نیشان بکات خراپ نییە."

روونیشی کردەوە: ڕێککەوتنی پەیەدە و ئەنەکەسە بە چاودێری سەرۆک بارزانی لە هەولێر و دهۆک، ڕێککەوتنێکی سیاسی بوو و سەرۆک بارزانی و هەردوو لایەنیش دەیانزانی ئەم ڕێککەوتنە سەرناگرێت چوونکە هەموویان دەزانن پەکەکە شه‌ریک بۆ خۆی قبوڵ ناکات، ئەزموونم هەیە لە ڕۆژی عەبدووڵڵا ئۆجەلان هاتووەتە سووریا لە سیاسەتەکەی چاودێرم.. ئەوان شریکایەتی قبووڵ ناکەن و دەیانەوێ ئەوان تەنیا سەردەست بن، ئەو ڕۆژەی پەکەکە تەنگاو دەبێت زۆر خۆی کەم دەکات، بەڵام ئەگەر دەرفەتی بۆ درووستبوو گورز دەوەشێنێت، چاوی هەمووان لەسەر ئەنەکەسە بوو و سەرۆک بارزانی ئاگاداری ڕەوشەکەبوو و دەیزانی کورد فاکتۆرێکی گرینگ و گەورەن لە سوریا، پەکەکە ئەو پرۆژە سیاسییە نەبوو، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە سەری بگرتبا زۆر باش دەبوو، بەڵام ئێستاش ئەمریکا دەزانێت پەیەدە لقێکە سەر بە پەکەکە و  پەکەکەیش پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە هەرێماتییەکاندا چۆنە!

ووتیشی : ئەمریکا کاتێک دانووستاندن دەکات لەسەر ئەساسی سیاسی دەیکات، بۆ نموونە ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی و سەرۆک بارزانی لەسەر ئەساسی سیاسییە و لەسەر پرۆژە پەیوەندی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ کوردستان کاردەکات،  بەڵام هی پەکەکە هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی نییە، پەیوەندییەکەی لەگەڵ پەکەکە لەسەر ئەساسی هەواڵگری و عەسکەرییە، وەک چۆن کەسێک سوود لە قاچاخچیەک ببینێت پەکەکە وایە سوودی بۆ کورد نییە، ھەرێمی کوردستان داھاتووی ھەیە، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان هیچ ئاسۆیەکی روونی نییە و بەرەو خراپتریش دەڕوات، ترسمان لەم گۆڕانگارییەشە.

لە بارەی دۆخی کوردانی باکووری کوررستانیش ووتی : دۆخی باکووری کوردستان دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.. ئەو هەڵبژاردنە بە دڵی کوردان نییە، دەبێت ئەوانیش سیاسەتێکی نوێ دابڕێژن، چوونکە کوردانی باکوور دەیانتوانی لە پیڤاژۆی ئاشتیدا دەستکەوتی باشیان هەبێت بەڵام جێگای داخە نەگەیشتنە ئەو قەناعەتە و قۆناغەکە تێپەڕی.

دەشڵێت: ئەمرۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی مێژووییە، ئێستا فۆکسی گەورە لە جیهان لەسەر سەرۆک بارزانییە و جیهان بە سەرۆکی نەتەوەی کوردان تەماشای دەکەن، ئەم ڕۆڵە لە بارزانی باوکیشدا هەبوو بەڵام ئێستا قۆناغەکە جیاوازە و پەیوەندی دیبلۆماسی و سیاسی گەورە درووستبوون، حزبە سیاسییەکانی تری کوردستان ئەو کاریزمایە نین بۆیە هەموو چاوەکان لەسەر سەرۆک مەسعوود بارزانینە، سەرۆکیش ڕۆڵی گەورەی خۆی دەگێڕێت و زۆربەی گەلان دەیانەوێت سەرۆکێکیان هەبێت، بەڵام ئێمە سەرۆکێکمان هەیە خودان مێژوو، خەبات، ماندوو لە پێناو گەلدایە لە منداڵییەوە وەک پێشمەرگەیەک کاردەکات و کەوتووەتە نێو گۆڕەپانی سیاسی ، ئێستاش لەپێناو گەلەکەیدا تێدەکۆشێت و لە زۆربەی کۆبوونەوەکان لەگەڵ شاندەکانی بیانی بەڕێزەوە باس لە خەباتی سیاسی و لەشکری سەرۆک بارزانی دەکرێت.