تورکیا: لە کاتی هێرشەکەی ئێران زانیاریمان بە ئیسرائیل نەداوە

تورکیا: لە کاتی هێرشەکەی ئێران زانیاریمان بە ئیسرائیل نەداوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەتیدەکاتەوە لەکاتی هێرشەکەی ئێران لە راداری کورەجیکەوە زانیاریی هەواڵگرییان بە ئیسرائیل دابێت.

چەند سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای فەرمی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، راداری بنکەی سەربازیی کورەجیک لە شاری باتمان، تەنیا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و ئەندامانی رێکخراوی ناتۆ دروستکراوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو زانیارییانەی راداری بنکەی کورەجیک کۆیاندەکاتەوە، جگە لە ئەندامانی ناتۆ بە هیچ جۆرێک لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا بەشناکرێت و تایبەتە بە ئەندامانی ناتۆ.

بنکەی کورەجیک لە بنکە هەستیارەکانی تورکیایە و کەوتووەتە سنووری باتمان لە باکووری کوردستان، بنکەکە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لە ماوەی رابردووشدا بەشێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا داوای داخستنیان کرد.

یەکێک لە مەرجەکانی پارتی سەرلەنوێ رەفاهیش بۆ پشتیوانیی لە بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستانبوڵ لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری ئەمساڵ، داخستنی بنکەکە بوو.