چاککردنەوەی باڵەخانە رووخاوەکانی غەززە تاوەکو ساڵی 2040 تەواوناکرێت

چاککردنەوەی باڵەخانە رووخاوەکانی غەززە تاوەکو ساڵی 2040 تەواوناکرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا خەمڵاندنی بۆ زیانەکانی ژێرخانی ئابووریی غەززە کردووە و تێیدا ئاشکرایکردووە، ئەگەر ئێستا دەست بە دروستکردنەوەی بینا و باڵەخانە رووخاوەکانی غەززە بکرێت تاوەکو ساڵی 2040 تەواوناکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی هەڵسەنگاندنی زیانە ئابوورییەکانی جەنگی غەززەی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرایکردووە، لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا بەهۆی بۆردوومانی سوپای ئیسرائیلەوە، 370 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە غەززە زیانیان پێگەیشتووە و چاککردنەوەیان زیاتر لە دوو دەیەی پێویستە.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکراشیکردووە، لەو ژمارەیەش 79 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەتەواوەتی تێکشکاون و 90%ی سێکتەرەکانی ئابووریی غەززەش وێرانبوون.

نزیکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس لە غەززەدا دەژین و لەدوای هێرشەکانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو، 201 هەزار دەرفەتی کار لەدەستچوون و زیاتر لە 34 هەزار و 500 کەسیش کوژراون.

سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی جەنگی غەززە، تاوەکو ئێستا جەنگەکە بەردەوامە و ئیسرائیل جەخت لەسەر هێرشکردنەسەر رەفەح دەکاتەوە و بزووتنەوەی حەماسیش رەزامەندیی بۆ دەستپێشخەرییەکەی ئیسرائیل نیشاننەداوە.