وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: هیچ گروپێکی تیرۆرستی لە کوردستان نییە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: هیچ گروپێکی تیرۆرستی لە کوردستان نییە

 

وەزیری ناوخۆی حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێم رایگەیاند، هیچ گروپێکی تیرۆرستی لەناو هەرێمی کوردستان و لەسەر سنووری هەرێمەکە بوونی نییە.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی رایگەیاند:" هیچ گروپێکی تیرۆرستی لە هەرێمی کوردستان و لەسەر سنوورەکانی هەرێم بوونی نییە".

 باسی لەوەشكرد، کۆمەڵێک حزبی ئۆپزسیۆنی ئێران لە عێراق بوونیان هەیە، لەلایەن تارانەوە بەو حزبانە دەوترێت تیرۆرست، بەڵام بەلای ئێمەوە ئەو حزبانە لایەنی کوردی ئۆپزسیۆنن".

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات وڵاتی تورکیا بەپێی بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی، ناویان لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناوە تیرۆرست، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم حزبە لە عێراق بە تیرۆرست ناوی نەهێنراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، بابەتی هەبوونی هێزی چەکدار لەسەر سنووری ئێران لە رێگەی رێککەوتنی بەغدا و تارانەوە بە تەواوەتی چارەسەرکراوە، بەڵام بەداخەوە هێشتا بە بیانووی جیاجیا و لە رێگەی مووشەک و فڕۆلەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشدەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرجەم بیانووەکانیش بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بێ بنەمان".