شارەزایەکی دارایی : پێویستە پەلە لە کاراکردنی سیستەمی بیمە بکرێت

پەیامی کورد   ...  شارەزایەکی دارایی : پێویستە پەلە لە کاراکردنی سیستەمی بیمە بکرێت

شارەزایەکی دارایی پێی وایە، پێویستە سیستەمی بیمە کارا بکرێت و دەڵێ : سیستەمی دڵنیایی و بیمە دەبێتە ھۆی دڵنیابوونی ھاووڵاتییان و قەرەبووکردنەوەیان لە کاتی پێویست و کارەساتەکان.

جێگر محەمەد، شارەزایی دارایی ڕایگەیاند: پێویستە پەلە بکرێت لە کاراکردنی سیستەمی بیمە تا ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ووڵاتانی پێشکەوتوو لەڕێگەی کۆمپانیای پێشکەوتوو ئەو شتانەی پێویستن بیمە بکرێن، چوونکە بەبێ سیستەمێکی دڵنیایی و بیمەکردن حکوومەت ناتوانێ قەرەبووی ھاووڵاتییان بکاتەوە لەکاتی پەیدابوونی کارەسات و لەناوچوونی موڵک و ماڵی ھاووڵاتییان، ئەوە ھەر ئەرکی حکوومەتیش نییە، ئەمساڵ ژمارەیەک ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، ئەگەر بودجەی چەند مانگێکی حکوومەت تەنیا بۆ قەرەبووکردنەوە تەرخان بکرێت لەوانەیە بەشی نەکات.

دەشڵێت: پێویستە کۆمپانیای تایبەتمەند ھەبێت لەژێر چاودێری حکوومەت دابێت و کار بۆ بیمەکردن بکات، بۆ نموونە بیمەی تەندروستی، بیمەکردنی شوێنی بازرگانی و ئۆتۆمبێل و ھەموو ئەو شتانەی پێویستن، چونکە ھاووڵاتی لەبەرامبەر پارەیەکی کەم دەتوانێت دڵنیابێت لەکاتی زیان گەیشتن بە سامانەکەی قەرەبوو دەکرێتەوە.

جێگر محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە دنیای پێشکەوتوودا چەندین جۆر بیمە کاری پێدەکرێت، چونکە دەبێتە ھۆی بووژانەوەی ئابووری وڵاتی، لەبەر ئەوەی ئەو پارەیە کاری پێدەکرێت و ھاووڵاتی دڵنیا دەبێت لە پاراستنی سامانەکەی، پێموایە پێویستە پەلە بکرێت بۆ ئەوەی سیستەمی بیمە کارا بکرێت و ھاووڵاتییان لەبارەیەوە هۆشیار بکرێنەوە.