پەرلەمانتارێکی ڕووسی بۆ KDP : سەرۆک بارزانی عەشقی کوردستانی لە دڵی ھەموواندا چاند

پەرلەمانتارێکی ڕووسی بۆ KDP : سەرۆک بارزانی عەشقی کوردستانی لە دڵی ھەموواندا چاند
پەیامی کورد    ...   پەرلەمانتارێکی ڕووسی بۆ KDP : سەرۆک بارزانی عەشقی کوردستانی لە دڵی ھەموواندا چاند

میشا خالدیان، پەرلەمانتاری پەرلەمانی شاری یۆرسلاڤی ڕووسیا دەڵێت، مەلا مستەفا بارزانی، قەزیەی کوردی ھێنایە بوون و، ئێستا سەرۆک مەسعوود بارزانی رابەرایەتی ئەو پرسە لە جیھان دەکات و ھەرێمی کوردستانی کردە نموونەیەکی جوان لە تەواوی جیھان دا.  

میشا خالدیان، لە ھەڤپەیڤینێکی تایبەت دا ڕایگەیاند: "ئێستا سەرۆک بارزانی لە دڵی ھەموو کوردێکی ووڵاتپارێز دایە ئەوانەی بۆ پرسی نیشتیمان و نەتەوە و سەربەخۆیی کاردەکەن، سەرۆک بارزانی توانی عیشقی کوردستان لە دڵی ھەموویاندا بچێنێت و توانی قەزییەی کوردی بەھێزبکات لەسەر ڕێبازی بارزانی باوکییەوە بەردەوامی پێدا".

خالدیان دەشڵێت: "کاتێک بارزانی نەمر ھاتە سۆڤیەتی پێشوو خەڵک ھێشتا بەو عیشقەوە دەیانەوێت کورد و کوردستان و سەرۆک مەسعوود بارزانی ببینن و زۆربەی خەڵک ناوی منداڵەکانیان لەسەر ناوی بارزانی باوکەوە ناوە".

ئاماژەیشی دا: "ئێستا ھەرێمی کوردستان پەرلەمان، سنوور، سەرۆکایەتی و شەرعیەتی ھەیە و ھەولێریش بەرەو پێشچوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە مەڵبەندێکی گەورەی دیپلۆماسی، بەڵام عێراق لە ھەموو ڕووێکەوە بەرەو خراپی ڕۆیشتووە، ھەموو دیپلۆماتکار و کونسووڵەکان ھەولێر بە شوێنی خۆیان دەزانن، ئێستا وڵاتانی جیھان ھەموویان ھەولێر دەناسن".

خالیدیان دەڵێ: "ماوەی چەند ساڵێکە کار دەکەین بۆ ئەوەی شاری یاروسڵاڤ و ھەولێر یانیش دھۆک بیکەینە دەستەبرای یەکتر بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان و ڕووسیا ئاشنای کەلتوور و ڕۆشنبیری یەکتربن".

ئەم پەرلەمانتارە ئاماژیشی دا: "ئێستا ئەوەی دڵمان خۆشدەکات کوردستان ماڵی ھەموو پێکھاتە و ئایینێکی جیاوازە، ئێزدیەکان بە دڵی خۆیان ڕێوڕەسمی خۆیان دەکەن، لە ڕووسیا کاتێک دەبینن پیرۆزترین جەژنی ئێزدیان لە ھەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە، بە قەد دونیایەک ئێزدییەکان دڵخۆش دەکات و دەزانن کوردستان ماڵی ئێزدیانە و ڕێزێکی تایبەت لە ئێزدیان دەگرن".

ئەوەشی خستەڕوو: "خۆزگە ھەموومان لە وڵاتی خۆمان لە کوردستان بایین تا خزمەتی گەلی خۆمان کردبا، چوونکە چەند لە دەرەوە بین ھەر خزمەتی وڵاتانی بیانییە، ھەموو ئاواتم لە ژیاندا ئەوەیە کوردستان پێش بکەوێت و خۆشترین ساتێک ئەوەیە کاتێک لە ھەولێر دادەبەزی پێمان دەڵێن بەخێربێن بۆ ووڵاتی خۆتان «کوردستان» ئەمە بۆ من خۆشترین ھەستە، چوونکە پیرۆزترین پەرستگامان کە پەرستگای لالشە لە خاکی کوردستان دایە".

دڵخۆشی خۆیشی رادەگەیەنێت کە: "ئێزدیانی ڕووسیا بەوە دڵخۆشن کاتێک دەزانن سەرۆک بارزانی پەرستگایی لالش نۆژەندەکاتەوە ھەموویان دەزانن لە جیھاندا سەرۆک بارزانی پشتیوان و پاڵپشتی ئێزدییانە، ھاوکات نزیکەی ١٠٠ ھەزار ئێزدی لە ڕووسیا ھەیە، ھەموو ئێزدیانی ڕووسیا خۆزگە بەوە دەخوازن بێنە کوردستان و کوردستان بە وڵاتی یەکەمی خۆیان دەزانن".