سه‌رۆکكۆمارى توركیا به‌رده‌وامی پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌

سه‌رۆکكۆمارى توركیا به‌رده‌وامی پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌
پەیامی کورد    ...   سه‌رۆکكۆمارى توركیا به‌رده‌وامی پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌

ئێواره‌ى دووشه‌ممه‌ 2024/4/22 له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ عێراق، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکكۆمارى توركیا و شاندێكى یاوه‌رى، گه‌یشته‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیران و به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشوازى لێكرا.

دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ردانى ئه‌مڕۆى ئه‌ردۆغان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراقى فیدراڵ، په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانى و هاوکاری ئه‌منی دا، تاوتوێ كران.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى توركیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرى ده‌بێت، هه‌روه‌ها سوپاسى هاوكارى و پشتگیری توركیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا، كرد.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختى له‌ ئاماده‌یی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ توركیادا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها باسى له‌ ده‌رفه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا توركییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرد و سوپاسى كردن كه‌ له‌ دۆخی سه‌ختی ئابووریشدا، به‌رده‌وامییان به‌ كار و ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كان داوه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌ردۆغان به‌رده‌وامی پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌یی ووڵاته‌كه‌ى بۆ هاوكاری هاوبه‌ش و بره‌ودانى زیاتر به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان نیشان دا، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ پێویستی و گرینگی پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و مسۆگه‌ركردنى مافى پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.

ڕێککه‌وتتنامه‌ و یاداشته‌کانی لێک تێگه‌یشتنی تورکیا و عێراق، پاراستنی ئاسایشی سنوور، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و ‌چه‌ند باس و بابه‌تێكى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.