بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ دەبێت

بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ دەبێت

کەمتر لە یەک مەتر ماوە بۆ سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە تەواوی پڕ ببێت.

ئەندازیار سامان ئیسماعیل،بەرێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێژەی هاتنی ئاو وەک خۆی بێت، ئەوا لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بەنداوی دەربەندیخان سەر ڕێژ دەبێت و بەتەواوەتی پڕ دەبێت، ئەمەش بەهۆی کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینەیە کە ئەمساڵ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەگەڵ پلان و میکانیزمی گونجاوی بەردانەوەی ئاو و چۆنێتی سود وەرگرتن لە هاتنی ڕێژەی ئاو بۆ ناو بەنداوەکە.

یەکەمجار نییە بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ ببێت، لە ساڵانی ڕابردوودا سەرڕێژبووە، دواجار ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦ بووە، بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارین بەنداوی دەربەندیخان و بەشێک لە بەنداوە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی پڕ بوون و سەر ڕێژیان کردووە.

بۆ ئەمساڵیش ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بەنداوی دەربەندیخان کەمتر لە یەک مەتری ماوە سەرڕێژ بکات، ئەگەر هاتنی ڕێژەی ئاو وەکو خۆی بێت.

ئەندازیار سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ئەوەی خستەڕوو، سەرەڕای نزیک بوونەوەی بەنداوەکە لەسەر ڕێژبوونی، بەڵام ڕێژەی بەردانەوەی ئاو بۆ خوارووی بەنداوەکە وەک خۆی بەردەوامبووە، چونکە هاووڵاتییانی خوارووی بەنداوەکە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەیان و کشتوکاڵ و ئاودێری پشت بەئاوی ڕووباری سیروان دەبەستن.

شوێنی جوگرافی بەنداوی دەربەندیخان دەکەوێتە (قەزای دەربەندیخان) لەسەر ڕووباری سیروان، کە بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو و بەدەست هێنانی وزەی کارەبا دروست کراوە، بیرۆکەی دروستکردنی بەنداوەکە بۆ دەستەی بوونیاتنانەوەی سەردەمی پادشایەتی دەگەڕێتەوە، ساڵی ١٩٤٦ دەست کراوە بە کارکردن و دوای چەندین لێکۆڵینەوە توانراوە گونجاوترین شوێن دیاریبکرێت و ساڵی ١٩٥٤ دیزانی بەنداوەکە کراوە، ساڵی ١٩٥٥ گرێبەستی جێبەجێکردنی کارەکەلەگەڵ کۆمپانیای هارزای ئەمریکی کراوە، جگە لەوە چەندین کۆمپانیای فەڕەنسی و بەریتانی بۆ دروستکردنی بەشەکانی تری بەنداوەکە بەشدار بوون.

لە ڕێکەوتی ٢٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦١ پرۆژەکە کرایەوە و ەست بە کۆکردنەوەی ئاو کراوە، سەرچاوەی ئاو تێڕژانی دەریاچەکە بریتییە لە ڕووباری سیروان ک ەڕێژەی ٪٦٨ ی پێکدێنێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێت، لە ٪١٤ لە سنووری ئێران-عێراق، لە ٪١٨ لە سەرچاوەکانی ئاوی زەڵم و ڕیشێن و سەراوو چەمەکانی دیکەی شارەزوورەوە دێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، بەنداوەکە بەنداوێکی گڵ بەردی و کرۆکی قوڕە، بەرزییەکەی ١٢٨ مەترە و پانیەکی لە بنەوە ٥٠٠ مەترە و درێژیەکی بە کەناڵی سەرڕێژەوە ٥٣٥ مەترە، توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، سێ یەکەی کاروئاوی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای لەسەرە، بەنداوەکە سێ کەناڵی ئاوی سەر ڕێژ( Spillway) هەیە، بۆ کاتی لافاو بۆ کردنە دەرەوەی ئاوی زیادە بەکاردەهێنرێت و هەر کەناڵێک توانای تێپەڕاندنی ١٩٠٠ مەتر سێجا ئاوی لە چرکەیەکدا هەیە.