کۆڕبەندی ئابووری جیھانی لە سعودیە دەستیپێکرد

کۆڕبەندی ئابووری جیھانی لە سعودیە دەستیپێکرد

کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە دەستیپێکرد و  کۆڕبەندەکە لە ڕۆژانی 28 – 29ی ئەم مانگە بە بەشداری زیاتر لە ھەزار سەرکردەی وڵاتان، بازرگانان و وەبەرهێنەران بەردەوام دەبێت.

لە میانی دەستپێکردنی کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی لە ڕیاز، پانیڵێک لە ژێر ناوی "پێویستمان بە چی جۆرە گەشەکردنێکە؟"، ئەنجامدرا کە وەزیری دارایی سعوودیە، محەمەد جەدعان قسەی تیایدا کرد.

جەدعان لە دەستپێكدا وتی، گرژیەكانی ناوچەكە، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئابوورییەکانی جیھان دەبێت، وەک بەرتەوازەبوونی ئابووریی و ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی، ئەمە جگە لەوەی ئەو گرژییانە دەبنە مایەی ئەوەی کە ئابووریی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکان بەکاربھێندرێت و کارە بازرگانی و تەکنەلۆژیاکان و کارەکانی دیکەش، سنووردار بکرێن.

لە 92 وڵات ھەزار سەرکردە لە کۆڕبەندەکەدا، بەشدارن ، لە نێویاندا زیاتر لە 20 وەزیری دەرەوەی وڵاتان، گەورە بازرگانان و وەبەرھێنەران کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەرەپێدان و یارمەتیدانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا ھەیە بۆ بەھێزکردنی بازاڕە پێشکەوتووەکان و بازاڕە تازە گەشە سەندووەکان.