image

ئارەزووی بە دوبەی بوون، پۆلێکی نایابی سەرمایەدارانی دروستکردووە. ئەو کوردانەش کە لە دەرەوەی ئەو پۆلە ماونەتەوە وەکو 'کۆچبەرانی جەنگەڵ' دەردەکەون. ئەوانەی دوای ئەو نەوەیە هاتن کە ساڵانێک بۆ ئازادیی گەلی کورد تێکۆشان، رووبەڕووی هەلومەرجی ساڵانی 90 کراونەتەوە.  

ئیسرائیل 70 ساڵ لەمەوبەر دەوڵەتەکەی خۆی راگەیاند. هەر لەو رۆژەوەی دامەزراوە تاوەکو ئەمڕۆ لە ژێر هەڕەشەی سیاسی و جەنگدا بەردەوامی بە وجوودی خۆی دەدات. بەڵام ئەسڵی کارەکە ئەوەیە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنانەت ئەو وڵاتانەی میانڕەوانەترین سیاسەتیان بەرامبەر ئیسرائیل هەیە، هەمیشە زاتی ئەوە دەکەن دەوڵەتێکی فەڵەستینی لە شوێنی دەوڵەتی ئیسرائیل پێشنیاز بکەن.

هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردووەوە بۆ ئێستا دەستپێشخەرییەکانی جیهانی عەرەبی بۆ ئاشتەوایی، چووە قۆناغێکی گرنگ. بەڵام نوێبوونەوەکانی سیاسەت لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری پێچەوانەبوونەوەی لەخۆیدا هەڵگرتووە. هەر بۆیە ئیسرائیل هیچ کاتێک وجوودی خۆی لەسەر ئەم جۆرە سیاسەتانە هەڵناچنێت. بەڵکو بە گشتی لەسەر ئەو رێچکەیە دەڕوات کە خۆی دەیزانێت.

 

بیرمەندانی پێشەنگ لە تەلئەڤیڤ و کەسایەتییە گرنگەکانی وڵاتانی جیهان، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو دیالۆگ و پەیوەندییانەی پێشیخستوون بە بنەما هەژماریان دەکەن. ئەم بنەمایە بۆ لەسەرپێ وەستان و پێشکەوتنیان دەبێتە زەمینەسازی و کۆنکریت بۆ ئەم قۆناغە. 

 

ئیسرائیل سەرەڕای هەموو گوشار و سەختییەکان گەیشتە پێگەیەکی زۆر بەهێز... ئیسرائیل سەرەڕای هەموو ئەو گوشار و سەختییانە ئەوەندە بەهێز بوو، دواجار هێزێکی وەکو رووسیا داوا لە ئیسرائیل دەکات، ئەمریکا رازی بکات بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانیان بەشدار بن لە دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا.

ئیسرائیل بەو پێگە بەهێزەیەوە لە هەمان کاتدا خاوەن بەهێزترین لۆبییەکانی جیهانە. بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێڵی بەرگریی خۆی بە تۆکمەیی لە ئامادەباشی داناوە لە بەرامبەر ئەگەری هەر هێرشێک.

ئیسرائیل وڵاتێکە دژایەتیی لەمێژینەی هەمیشەیی دەوڵەتانی عەرەبیی دەوروبەری خۆی بە ئەزموون وەرگرتووە. نەوەکانی ئیسرائیل، ئەگەرچی بە هەر چوار لای جیهاندا بڵاوەیان کردووە، پەیوەندیی نێوانیان هەر بە تۆکمەیی هێشتووەتەوە.

 

با بێینە سەر کوردەکان؛

کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ ئیسرائیل هەمان چارەنووس هاوبەشی پێدەکەن. هەتا بەراورد بە ئیسرائیل هەلومەرجەکە لەبارتریشە. ئیسرائیل لەو رۆژەوەی دامەزرا وڵاتێک بوو لە نێو شەڕدا بوو. بەڵام کوردەکان لە سەدان ساڵ لەمەوبەرەوە دووچاری هەموو جۆرە ستەم، گوشار و کۆچێک بوونەتەوە. ئەمە لەکاتێکدا هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست موسڵمان بوو.

 

فرانتس فانۆن کە بە باوکی دژە-چەوسێنەرەکان دەناسرێت و بیرمەند و نووسەرە دەڵێ:"من بەندی ئەو خەیاڵە نیم کە کەسانێک بۆیان کێشاوم، بەڵکو بەندی ئەو روواڵەتەم کە خۆم هەمە".

  

"لەکاتێکدا ئیسرائیل بە قەزا و بەڵای خۆیەوە بەندی روواڵەتی خۆیەتی، کوردەکان گیرۆدەی ئەو خەیاڵەن کە کەسانێک بۆیان کێشاون".

لەوانەیە هاوچارەنووسیی کوردان لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرژەوەندیی چەپی کورد و ئوممەتییەکانی کورد نەبێت، بەڵام ئەمە راستییەکە.

 

هەر لەبەر ئەوەشە تورکیا و ئێران بە دەوڵەتبوونی کورد بە گەورەترین 'شەیتانی' رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچوێنن کە ئیسرائیلە.

 

تورکیا و ئێران بەردەوام دەڵێن 'رێگە بە دووەمین ئیسرائیل نادەین' کە ئەمە یەک لە سادەترین نموونەی هاوچارەنووسبوونی کورد و ئیسرائیلە.  

 

ئەمڕۆ ئەو دەستکەوتانەی کوردەکان لە باشوور و باشووری رۆژئاوای کوردستان بەدەستیانهێناوە، لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدرێت ئاستەنگی بۆ دروستبکرێت. بەڵام کوردەکان هێشتا چاوەڕێی ئینساف لە تورکیا و ئێران دەکەن و بۆ ئەوەی ئەوان زویر نەبن ئەوەی لەدەستیان بێت ئەنجامی دەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی تورکیا و ئێران لەکاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هەوڵیاندا تەواوی دەستکەوتەکانی کورد بە یەکجاری لەبار ببەن!

 

بێگومان بیرمەند و سیاسەتمەدار هەن کە دەزانن کوردستان لەم پێگەیەدایە. بەڵام لەبەر ئەوەی بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن و ژمارەیان کەمە، ناتوانن رزگار بن لەو ئەکادیمسیەن، سیاسەتمەدار و بیرمەندانەی دەیانەوێ وەکو تورک، عەجەم و عەرەب بن و وەکو ئەوانیش بیردەکەنەوە.

ئەو ستافانەی لە گەورەشارەکانی وڵاتانی چەوسێنەر پێگەیشتوون، ''هەوڵدەدەن بە ئەفەندییەکانیان بچن، کەچی خۆیان لادەدەن لەوەی لە گەلەکەی خۆیان بچن'' چونکە بەڕای ئەوان گەلەکەی خۆی مامەڵەی کۆیلەی لەگەڵدا دەکرێت و بێ ناسنامەیە...

 

ئیتر ئەم دۆخە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی لەبەردەم ئەوە دروستکردووە کە کوردان سیاسەتێکی تەندروستانە بکەن. ئەوەی کە دەگوترێ بە ''ئەفەندی''یەکەی دەچێت، واتای ئەوەیە بەرامبەر ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا و ئیسرائیل بووەستیتەوە کە ئێستا پشتیوانی لە کورد دەکەن. ئەگەرچی ئەو هاوکارییانەی ئێستا ئەمریکا و هاوپەیمانان لە باشوور و باشووری رۆژئاوای کوردستان، ئەم تێزە لە نێو کوردەکاندا پووچەڵ دەکاتەوە، بەڵام ئەمە لە هزرەکاندا ناسڕێتەوە.

 

هەر بۆیە ئەم هەڵیت و پەڵیتەی کە دەڵێ ئیسرائیل هێشتا دوژمنە، ''ئەمریکا و هاوپەیمانانیش لە بەر بەرژەوەندیی خۆیان لە ناوچەکەدان'' بۆ ئەوان قورسترە. (ئەمە بابەتێکی جیایە و نامەوێ لە باسەکە دەربچم.)

 

لەبەر ئەوەی ئەم لۆژیکە کوردانی باشووریشی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە، ئەوانیش نایانەوێ وەکو وڵاتانی ئەوروپا و ئیسرائیل بن. بوون بە دوبەی و بوون بە دوبەیی گەورەترین خەونی ئەوانە...

 

بە دوبەیی بوونی کوردان...

کاتێک دەگوترێ دوبەی، زۆربەی مرۆڤەکان بیریان بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو و دەوڵەمەند دەچێت. راستە کە دەوڵەمەندە، بەڵام دەوڵەمەندە لە سەرمایە. دەوڵەمەندی کولتوور و هونەر نیە. میسرێکی هەژار لەڕووی دەوڵەمەندیی هونەر و کولتوورەوە زۆر لەپێش دوبەی (ئیماراتە). دوبەی هیچ بەرهەمێکی هونەری و کولتووریی نییە تا نمایشی بکات. 

 

بەکورتی دوبەی شوێنێکە بە بینا بەرزە کێوئاساکانی یانەی شەوانە و قومارخانەکان لەخۆی کۆدەکاتەوە. باخچەی کەیف و سەفای شێخ و شێخزادەکانی سعوودیە و کوەیتە. بەڵام ئەو بازرگانیەی دوبەی لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا، دوبەی بەرەو رۆژئاواییبوون و ئەوروپاییبوون دەبات. دوبەیش بە بێ یەک و دوو خۆی لەگەڵ ئەو دۆخە دەگونجێنێت. باشکردنی پەیوەندییەکان دوبەی لەگەڵ ئیسرائیل یەکێک لە پێویستییەکانی ئەم گۆڕانکارییەیە.

 

پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا ئەگەرچی تازە نین، بەڵام لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا چوونەتە ئاستێکی نایاب. پرسی کور و کوردستان لە سایەی بەرەنگاربوونەوەی داعش گەیشتە خاڵێکی وەهاوە کە ئیدی سیاسەتی کوردیش ناتوانێ خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت.

 

لەکاتێکدا پێویستە ئەم پەیوەندییانەی کوردەکان بەکاربهێنرێت و بەرەو رۆژئاواییبوون هەنگاو بنرێت، پێداگری دەکەن لەسەر بە دوبەی بوون. بەکارهێنانی دەستەواژەی ''کوردستان وەکو دوبەی لێدەکەین'' لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی باشووری کوردستانەوە بەدبەختییەکی گەورەیە.

ئەگەر لە ماوەیەکی کورتیشدا نەبێت، دەکرێ لەبری بوون بە دوبەی، ببن بە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پرتوگال و یۆنان. بۆ بوون بە ئیسرائیل دەتوانن هەنگاو بنێن، بۆ نا؟

ئەگەر جووەکان دوای مێژووێکی 70 ساڵەی بە دەوڵەتبوون، گەیشتبنە رادەی ململانێکردن لەگەڵ جیهان، کوردی 50 ملیۆنی کە لەسەر خاکەکەی خۆیدا دەژی، ناتوانێ چی بکات؟

 

 گەلی کورد لە باشوور و باشووری رۆژئاوای کوردستاندا و لە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ داعش بەو داستانە قارەمانێتییەی بە هەموو جیهانی نیشاندا کە دەتوانێت چی بکات.

 

دەکرێ جیهانی رۆژئاوا بەدەوڵەتبوونی کوردان پشتڕاستنەکاتەوە. بەڵام ئیسرائیلیش هەمان چارەنووسی هەبوو. کاتێک ئیسرائیل کۆششی سەربەخۆیی دەکرد، لە بەریتانیا بەولاوە هیچ لایەنێک پشتیوانی نەکرد. لە سۆڤیەتی رووسیاوە تاوەکو ئەمریکا هەمووان دژی بوون.

 

بەڵێ، کوردانیش هەمان چارەنووسی ئیسرائیل هاوبەشی پێدەکەن، بەڵام کوردان ئاگایان لەمە نییە.

 

تورکیا و ئێران گەورەترین ئاستەنگ دروستدەکەن بۆ ئەوەی کوردان راستییەکان وەکو خۆیان نەبینن و هەڵسەنگاندنی بۆ نەکەن. ئارەزووی بە دوبەی بوونی کوردانی باشوور، لە ئێستاوە گێرەشێوێنیی وەهای دروستکردووە کە هێشتا نابینرێت. هەندێک شوێنی هەولێری پایتەخت لە ئێستاوە بووەتە شوێنی گەڕان و سووڕانی کەسانێک لە ژێر چەتری بەرپرسان و ''مەسئولەکان''.

 

ئارەزووی بە دوبەی بوون، پۆلێکی نایابی سەرمایەدارانی دروستکردووە. بەڵام ئەوانەی دوای ئەو نەوەیە هاتن کە ساڵانێک بۆ ئازادیی گەلی کورد تێکۆشان، رووبەڕووی هەلومەرجی ساڵانی 90 کراونەتەوە. 

 

ئەم دۆخە کێشە و ئاریشەی زۆرلەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. کێشەی کۆجبەرانی جەنگەڵەکان دروستدەکات کە بەم دواییە گەواهیدەری بووین. ئارەزووی بە دوبەی بوون، پۆلێکی نایابی سەرمایەدارانی دروستکردووە. ئەو کوردانەش کە لە دەرەوەی ئەو پۆلە ماونەتەوە وەکو 'کۆچبەرانی جەنگەڵ' دەردەکەون. ئەوانەی دوای ئەو نەوەیە هاتن کە ساڵانێک بۆ ئازادیی گەلی کورد تێکۆشان، رووبەڕووی هەلومەرجی ساڵانی 90 کراونەتەوە.  

 

ئەو کۆچبەرانە لەبەر هەژاری و گوشاری سیاسی ناڕۆن. بەڵکو ئەوانە تەنیا لەبەر ئەو هۆکارەی لەسەرەوە باسمانکردن دەرۆن؛ لەبەر ئەوەی نەیانتوانی ببنە خاوەنی ئەو ژیانە پڕ لە رەفاهیەتە کە لە ژێر چەتری ستافی سیاسی و مەسئولەکان دەبرێتە سەر، بیریان لەوە کردەوە وڵات جێبهێڵن.  

 

لێرەدا بۆ کردنەوەی رێگەی بەردەم کورد، ئەرکی گرنگ دەکەوێتە سەر شانی پارتی دیموکراتی کوردستان. چونکە پارتی لە پێگەی سەرۆکی خێزانە بۆ کوردەکان. پرسی کوردستان بەجۆرێک گەورەیە کە نابێت دوای پەکەکە و مام جەلال بۆ ئینسافی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جێبهێڵرێت.

 

پارتی لەبەر پێویستیی ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە، لەسەریەتی سیاسەت بەرهەم بهێنێت. بەجۆریک ئەمەش لەبەر چاو بگرێت کە ئەو متمانە پڕ لە زێدەڕۆییە بۆ تورکیا مایەپووچە... 

 

لەسەر ئەم بنەمایەدا بابەتی داهاتووم ؛ ''پارتی ساڵانی زێڕینی بەسەردەبات بەڵام...'' دەبێت کە بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی پارتی و چۆنێتیی تێکەڵبوون و مامەڵەی لەگەڵ گەل لەخۆدەگرێت.