image

لەگەڵ دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی، وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، چاوەڕێ دەكرێت، پڕۆسەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتیش بكەوێتە كار، ئێمەی ژن چاومان لەسەر یەكە بە یەكەی ھەنگاوەكانی كابینەی نوێیە، چاومان لەوەیە زۆرترین پێگەمان ھەبێت و سوود لە تواناكانمان وەربگیرێت.

بەداخەوە لە كابینەكانی ڕابردوودا، پێگەی ژن لە ئاستی باڵای حوكمڕانیدا وەك پێویست نەبووە، بەقەد چالاكی و توانای ئافرەتانی كورد، پێگەیان پێنەداوە و رێگەیان لەبەردەم خۆشنەكردووە، بگرە ئاستەنگی زۆریش ھەبووە، لەو ھەموو وەزارەتە، تەنیا وەزارەتێك دراوەتە ژن، وەك بینیشتمان ئەو تاكە وەزیرە چ رۆڵێكی كارای ھەبووە لە كارەكەیدا.

لە كوردستاندا ھێشتا بواری بەردەم ژنان تەسك دەكرێتەوە و بگرە كۆسپیان لەبەردەم درووست دەكرێت، ئەوەش پەیوەستە بەو كولتوورەی كە لە دێر زەمانەوە بۆمان ماوەتەوە، لە بەر باوەڕ پێ نەبوون بە توانای ژن، یاخود شەرمكردن لە پێدانی ڕۆڵ بە ژن، لە كاتێكدا توانای ژنان زۆر لەوە زیاترە و ژنی كورد زۆر ئازا و چاونەترسە. بەداخەوە كولتووری كۆمەڵگا ھێشتا كاریگەری گەورەی بەسەر پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانییەوە ھەیە و بە ترسەوە بوار لەبەردەم ئافرەت دەكرێتەوە، ئەوەش كە ھەیە بەڕای من لە شەرمی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانە، تا بە جیھان بڵێن، ئەوەتا دەرفەتمان بە ژن داوە، لە كاتێكدا لە ئاستی زۆر بچووكدایە و وەك پێویست نییە، ھێشتا پرۆسەی حوكمڕانی خۆی لەدەست دابوونەریت دەرباز نەكردووە، بەڵكو پێیەوە پەیوەستە.

جیاكردنەوەی دابوونەریتی كۆنی كۆمەڵگا و حكومەت و حوكمڕانی، ئەركی ئێمەی ژنە، پێویستە بە كار و كردەوەكانمان، بوونی خۆمان بسەلمێنین و ئەو سیحرە بەتاڵ بكەینەوە، كە متمانە بە ئافرەت تاكاتێك پێویستە ئافرەتان خۆیان بەوە جیابكەنەوە، كە واز لە قسەی بریقەدار و درووشم بھێنن، بە كار و كردەوە، بە چالاكییەكانیان بیسەلمێنن، كە تاكێكی كارای كۆمەڵگەن و لە پیاوان كاراترن، بەشێكی پیاوان خراپ سوود لە تواناكانی ئافرەت وەردەگرن كە وەك رۆبۆت بەكاریان دەھێنن و ئاڕاستەیان دەكەن و كۆمەڵگەی كوردی و سیستەمی حوكمڕانی بە شامی شەریف نیشان دەدەن، بەڵام ئەوەی ھەیە لە ئاست داخوازییەكانی ژن نییە و پێویستە بە كردەوە، مافەكانمان بەرجەستە بكەین و پێگەی سیاسی و حوكمڕانی و ئیداریمان فراوان بكەین.

چاومان لەوەیە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زیاتر جێگا بۆ ئافرەت بكاتەوە و دەستیان بگرێت و متمانەیان پێ ببەخشێت، چاومان لەوەیە سەرۆكی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پێداگیری لە مافەكانمان بكات و سوود لە تواناكانی ئافرەتان وەربگرێت لە كابینەكەیدا، ئەگەر  لە ڕێژەیەكی بەرچاوی ژنان متمانە وەربگرن و لە پلە و پۆستی باڵای جیاوازدا كار بكەن، دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە بۆ خودی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمە كابینەی نۆیەم لە ھەموو كابینەكانی دیكە جیادەكاتەوە. پێویستە ئێمەی ئافرەتیش فشارەكانمان چڕتر بكەینەوە و تێبكۆشین لەپێناو فراوانكردنی ڕۆڵ و پێگەمان و سەلماندنی تواناكانمان.

 

ئیمان دەرباز

12.06.2019