image

پەیامی کورد     ...    زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت .

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاشكرا دەكات، بڕیارە زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكھەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا بەڕێوە بچن.
جەعفەر ئیمێنكی، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، بڕیارە لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان ژمارەیەك كۆبوونەوەی تایبەت لەگەل لایەنە سیاسییەكان بەڕێوە ببرێن، ئەویش بۆ زەمینەسازی و باشتركردنی لێكتێگەیشتن لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، تا كورد بە یەكھەڵوێستی بچنە بەغدا بۆ دانووستان.
بە ووتەی ئیمێنكی، لە ئایندەیەكی نزیكدا ھەوڵەكانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دەست پێدەكات، بۆ ئەوەی بە ھەر شێوەیەك بێت كورد بە یەكدەنگی بچێتەوە بەغدا و وتی: ئینجا یەكدەنگییە لە چوارچێوەی درووستكردنی فڕاكسیۆنێكی كوردستانیدا بێت یان ھەر شێوازێكی دیكە، گرینگ ئەوەیە یەك ھەڵوێستی ھەبێت.
لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و تاڕادەیەك یەكلای بوونەوەی كورسی لایەنەكان، جمووجووڵی لایەنەسیاسیەكانی عێراق دەستی پێكردووە بۆ درووستكردنی فراكسیۆنی زۆرینە و لە هەرێمی كوردسانیش پارتی و یەكیتی باس لەوەدەكەن كە پرۆژەی خۆیان هەیە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.