image


پەیامی کورد... تورکیا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی کەلاری لە ئەستۆ گرت

دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) بەرپرسیارێتی هێرشەکەی هەینی ڕابردووی کەلاری لە ئەستۆ گرت کە تێیدا چوار هاووڵاتی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون، کە یەکێکیان فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوی کردەوە، دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لە هێرشێکدا لە شاری کەلار ئۆتۆمبێلێکی کردووتە ئامانج کە بەهۆیەوە حسێن شیبلی کە ناوە نهێنییەکەی "فەرهاد" بوە "کوژراوە" و هێرشەکە لە دووری ٢٧٥ کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا- عێراقەوە ئەنجامدراوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوێنێ شەممە لە ڕاگەیێنراوێکدا لەبارەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە کەلار، ڕایگەیاند، "لە هێرشەکەی ١٧ی (حوزەیران/٦) ی تورکیادا فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهید بووە، کە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی سەردانی شاری سلێمانی کردبوو".