image

پەیامی کورد      ...     پاڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکیتی لە دیدار لەگەل وەزیری دادای عێراق  :  نابێت ھیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە بێت

پاڤڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە سالار عەبدۆلستار، وەزیری دادی عێراق، لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا سەربەخۆیی و میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاکانیان بۆ "چەسپاندنی دادپەروەری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و یاساشکێنان" تاوتوێ کردوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردوە، لەدیدارەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی سەربەخۆیی و میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاکان، "چەسپاندنی دادپەروەری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و یاساشکێنان و چۆنیەتی ھەماھەنگی و ھاریکاری زیاتر لەنێوان دەسەڵاتی دادوەری ھەرێم و عێراق لەپێناو چەسپاندی ئارامی و ئاسایشی زیاتر و پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ."

بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی و ھاوکاری یەکێتی دووپاتکردوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری و باسی لەوەکردوە، "بەھەموو شێوەک دژی یاساشکێنان و سەرپێچیکارانی بڕیارەکانی دادگاکان دەوەستینەوە و رێگەنادەین پێشێلکارانی یاسا سود لە جیاوازییەکانی ھەرێم و عێراق وەربگرن و بە تووندترین شێوەش روبەڕویان دەبینەوە."

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، "نابێت ھیچ کەسێک لەسەرو یاساوەبێت و پێویستە ھەموان وەک یەکبین لەبەرامبەر بڕیارەکانی دادوەر و یەکێتی بەڕێزێکی زۆرەوە دەڕوانێتە سەربەخۆیی دادگاکان و بڕیارەکانی دادوەرانیش رێزلێگراوە، هەروەها دژی ھەر مەرام و ھەوڵێکیش دەوەستینەوە کە دادگاکانمان بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنێت و بخرێنە ژێر ھەژموونی نەتەوەیی، مەزھەبی و ئاینی".