
پەیامی کورد ... کەش و هەوای هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە گۆرانکاری بەسەردا دێت
بە گوێرەی پێشبینی یەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، بارانبارین هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە لە هەندێک کاتدا بارانی بەلێزمە دەبێت، لە بەشێکی لووتکە بەرزەکان بەفر دەبارێت.
بەگوێرەی راپۆرتی بەشی پێشبینی یەکانی بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بۆمەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە شەودا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، لەگەڵ دەستپێکردنى باران لە کاتەکانى شەو لە زۆربەى ناوچەکەمان، سەرەتا بە نمە باران دەستپێدەکات پاشان بارانبارین کاریگەرى زیاد دەکات.
کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی رۆژی هەینی بارانبارین لە تەواوى ناوچەکان دەبارێت لە ئەنجامى یەکگرتنى هەردوو نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور شەپۆلێکى بارانبارین سەرتاپاى ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە، سەنتەرى پارێزگاکان بارانبارینى بە لێزمە و هەورە تریشقە دەبێت، هەندێ جار لەکاتى بارانبارین بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشداوە، بارانبارین بەردەوامى دەبێت تا کاتەکانى شەو درەنگ زۆرترین رێژەى بارانبارینى پێشبینی کراو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى دەبێت، بەفریش لەسەر لووتکەى شاخە بەرزەکان دەبارێت.
سەبارەت بە پلەی گەرما کەشناسی دەڵێت: "پلەى گەرما بە نزیکەى 5-7 پلە روو لە نزمبوونەوە دەکات".