
پەیامی کورد...شەپۆلێكی بەفر و باران بۆ ماوەی 5 ڕۆژ هەرێم دەگرێتەوە
بەپێ پێشبینییە کەشناسییەکان، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوه و ماوەی 5 ڕۆژ بەردەوام بێت.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، شەپۆلێكی دیكەی بەفر و باران بارین ناوچەكەمان دەگرێتەوە و سەرەتاش لە دهۆک و هەولێرەوە دەستپێدەکات پاشان بەتێپەڕبونی کات دەگاتە ناوچەکانی تری کوردستان.
ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆی مانەوەی بارستە هەوای سارد و نزمی پلەکانی گەرماوە لەشەوی شەممه لەسەر یەک شەممە ئەگەری بەفربارینی چڕ هەیە لەناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری هەندێک لەشارەکان ئەوانەی نزیک دامێنی چیاکانن، لە هەولێر و کەرکوک و هەڵەبجه و دهۆک ئەگەری بارانبارین هەیە بەشێوەی ناوبەناو هەندێک جار بارانی باش دەبارێت.
بەپێى پێشبینى ئەو کەشناسە، کاریگەری ئەم شەپۆله بەشێوەی ناوبەناو تا 5 ڕۆژ بەردەوام دەبێت واتا ئەم ئێوارەیە دەست پێدەکات و درەنگانی شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی کۆتایی پێدێت.
محەمەد كەمال ئاشكراشی كرد، لە ڕۆژی سێ شەممە و چوار شەممە ئەگەری هەیه بەفربارین دابەزێتە سەنتەری شارەکانی (سلێمانی ، پێنجوێن ، سۆران ، کۆڕێ ، پیرمام شیلادزێ ، بامەرنێ ، ئامێدی ، باڵەکایەتی، شارباژێڕ ، چوارتا ، پیرەمەگروون ، خەلەکان ، هیران ، نازەنین ، مەیدان ، سەرتەک ، بێستانە، بەکربایف ) لەگەڵ بەشێکی زۆری ناوچە شاخاویەکانی تری هەرێم ئەگەری بەفربارین هەیە .
وتیشی، “خێرایی با هەندێک جار چالاکه بەڕێژەی25 بۆ 30 کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و پلەکانی گەرماش بەنزمی ئەمێنیتەوه”.