
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2021لە سەلاحەددین ، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە میخاییل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندێکی یاوەری کرد .
لە دیدارەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سڵاوی سەرۆک پووتین و وەزیری دەرەوەی ڕووسیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند و جەختی لە بایەخ و پێگەی گەلی کوردستان و ڕۆلی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کردەوەو ئەوەشی خستەڕوو کە بە لای ڕووسیاوە ھەرێمی کوردستان ڕۆلێکی گەورە لە عێراق دەگێڕێ و فاکتەری سەقامگیریە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئاڵوگۆڕکران.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا ھەڕەشەی تیرۆر لەسەر سەقامگیری ناوچەکە تاووتوێ کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تیرۆر ڕیشەکێش بکرێن.
بارودۆخی سووریا تەوەرێکیتری ئەو کۆبوونەوەیە بوو و ، سەرۆک بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئاییندەی گەلی کورد لە سوریا بە شاندی میوان گەیاند.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی گەلی کوردستان و گەلی ڕووسیا، ڕۆڵی مێژوویی بنەماڵەی بارزانی لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیە بەرز نرخاند و خوازیاری ئەوەش بوو کە پەیوەندی ووڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گەشەی زیاتر ببینێت.