image

پەیامی کورد      ...    سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لەدیدارەکە دا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرۆک بارزانی کرد و، هیوای ئەوەی خواست کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیری لە عێراق و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسی. جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوبەشی وولاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ستراتیژییە و یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیری عێراق و ناوچەکە.

هەر لەو کۆبوونەوەیە بیروڕا لە بارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لەسەر ڕەچاوکردنی پڕەنسیپی شەراکەتی ڕاستەقینە کرایەوە.

بارودۆخی سووریا و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە تەوەری دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.