image


پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی: شۆڕشی گوڵان سەلماندی ئیرادەی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستان هیچ کات نەشکاوە

سەرۆک مەسعود بارزانی، بەبۆنەی چل و شەشەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: ئەو شۆڕشە سەلماندی کە ئەگەر لە قۆناغێکدا خەباتی گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت تووشی وەستان و نسکۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستان هیچ کات نەشکاوە و بە هەناسە و هێزێکی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی.

لە پەیامی سەرۆک بارزانی هاتووە: "لە چل و شەشەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ هەموو ئەو تێکۆشەر و پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی ناوخۆ و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە کە فیداکارانە ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و بوونە بەشێک لە شانازییەکانی گەلەکەمان".

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی گوڵان، قۆناغێکی گرنگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە. ئەم شۆڕشە درێژکراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو. ئەو شۆڕشە سەلماندی کە ئەگەر لە قۆناغێکدا خەباتی گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت تووشی وەستان و نسکۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستان هیچ کات نەشکاوە و بە هەناسە و هێزێکی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئەو ئازادی و دەستکەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەکەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەکانی تر.

لە چل و شەشەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ هەموو ئەو تێکۆشەر و پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی ناوخۆ و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە کە فیداکارانە ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و بوونە بەشێک لە شانازییەکانی گەلەکەمان.

لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دەنێرین و هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە کە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازیان بۆ گەلەکەیان بەدیهێناوە.

 

مسعود بارزانی

 

26ی ئایاری 2022