image


پەیامی کورد... سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوبەریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە، بە ١١ ساڵ بەندکران سزا درا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "دروست کردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش" بە ١٠ ساڵ بەندکران و بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" بە یەک ساڵ بەندکران و بە کۆی گشتی بە ١١ ساڵ بەندکران سزا درا.

سەیوان ئیبراهیمی، لە دۆسیەیەکی دیکەشدا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە و لێدانی ٤٠ قامچی سزا درا و لە دادگای پێداچوونەوە سزاکان، سزای بەندکران و لێدانی قامچیی ناوبراو پەسەندکرا و سزای دوورخستنەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا لە شاری کرماشان هەڵوەشایەوە.

سەیوان ئیبراهیمی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی، باسی هۆکاری سەپاندنی سزاکەی کرد کە ١٢ ساڵ بەندکرانە، "بەرپرسیارەتی لە ئەنجوومەنی نۆژین و چالاکییەکانی ئەم ئەنجونە"، "پشتگیری لە خۆڕاگری هاوژێنەکەی، زارا مەحەممەدی"، "بڵاو کردنەوەی وێنەی شەهیدان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان" وەهەروەها، "هەبوونی پەیوەندی بە کەناڵی کورد تی ڤی" ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە لە هەبوونی ئەم کەناڵە ئاگادار نییە.

سەیوان ئیبراهیمی ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجومەنی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی نۆژین هه‌فته‌ی رابردو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، ناوبراو ساڵی رابردو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگایەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.