image


پەیامی کورد... سەنتەری بازرگانی جۆرجیا لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا سەنتەری بازرگانی جۆرجیا لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، زازا کالکیان کنسوڵی گشتی جۆرجیا لە عێراق و ئوردن سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کردووە و لەگەڵ کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کۆبونەتەوەو تیایدا بڕیاریان داوە بە کردنەوەی سەنتەری بازرگانی جۆرجیا لە هەرێمی کوردستان.

ئاماژە بەوەشکراوە، کونسوڵی گشتی بەمەبەستی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕونکردۆتەوە کە کردنەوەی سەنتەرێکی بازرگانی جۆرجیایە لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بنیاتنانی بناغەیەک بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە، وتوشیەتی: ئامادەن هاوکاری هەر پرۆژە و پێشنیازێکی وەزارەت بکەن کە پێشکەشیان دەکرێت و هەوڵ دەدەن ئەم سەنتەرە بکەنە پردی پەیوەندی نێوان هەرێم و جۆرجیا بۆ کاروبارە بازرگانییەکان.

لەلایەن خۆشیەوە وەزیری بازرگانی هەرێمی ئاماژەی بە گرنگی کردنەوەی ئەو سەنتەرانە کردوە لەڕووی پێشخستی کەرتی بازرگانیەوەو بەڵێنیداوە هاوکاری جێبەجێکردنی هەر هەنگاوێک بێت کە پەیوەندییە بازرگانیەکان بەرەوپێش ببات.