
پەیامی کورد ... ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک سەبارەت كەس وكاری شەهیدان و ئەنفالكراون بڵاو دەکاتەوە
د. جووتیار عادل، ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا ڕایگهیاند، بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی نەكردووەتەوە کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایییە.
دهقی پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا:
ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر گەورەترین تاوان بەرامبەر گەلی کورد تێ دەرپەڕێت کە ئەویش جینۆسایدی بارزانییەکان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو.
كوردبوون، تەنها هۆکاری کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانی بوو لە بیابانەكانی باشووری عێراق، ئەمەش لەگەڵ کارەساتە تاڵ و ناخۆشەکانی وەک شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان، هەمووی بە ئامانجی نەهێشتنی شوناسی کورد بوو کە دواجار بووە خەون و نە بۆ ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هاتە دی و نە بۆ هیچ دوژمنێکی دیکەی کوردیش دێتە دی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون و دڵخۆشە بەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی نەكردووەتەوە کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایییە.
بە دەرفەتی دەزانین لێرەدا یاد و یادەوەری قوربانیانی جینۆسایدی بارزانییەکان و هەموو قوربانیانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و شەهیدانی کوردستان بەرز و زیندوو ڕابگرین.
د. جووتیار عادل
ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
٣١ ی تەمووزی ٢٠٢١