image


پەیامی کورد … وەزارەتی پێشمەرگە كۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان راگەیاند

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان کۆتایی پێهات.

لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتوە: ئەمڕۆ ٨ی١٢ی ٢٠٢١، لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجام دا، کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی.

ئەوەش خراوەتەڕوو: لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی (٣ و ٥ ) پیادەو لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی( ٩ و ١٧) پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی ٧٠، بەشداریی تێدا دەکەن.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە: ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە، کێوماڵکردنی ناوچەی دیاریکراو بوو بەگشتی، تێکدانی ژمارەیەکی زۆر مۆڵگە و شوێنی تیرۆرستان، بەئامانجگرتنی سەیارەیەکی پیک ئاپ، رەنگی سپی چێندراو بەتەقینەوە، چارەسەرکردنی لەلایەن (ل۱۷)ەوە، هەروەها هەڵگرتنی چەند مینێکی چێندراو لە سنوری ناوچەی (لیوای ٥۳فق۱)، هەڵگرتنی لەلایەن تیمی ئەندازەوە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی پێشمەگە دەڵێت: شایانی باسە هەردوو هێزەکە لەناوچەیەکی دیاریکراو کۆتاییان بە ئۆپەڕاسیۆنەکە هێنا، هەروەها جێگیرکرنی بەشێک لەو هێزانە لە سنوری میحوەری ۲ی قەرەتەپە، کە ناوچەکە پێویستی بە هێز بوو تیایدا جێگیر بکرێت.