image


پەیامی کورد… وەزیری ناوخۆ: یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان ماون

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، تائێستا یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان ماون و تا یەك ئاوارە رازی بێت لەم كەمپانە ژیان بەسەر ببات، دەرگای كەمپەكان داناخەین.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:  لە ساڵی (2014)، (دوو) ملیۆن ئاوارەی عێراق و سووری روویان لە هەرێمی كوردستان كرد‌، كە یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر تا ئێستا لە كوردستان ماون، كە جێی داخە بەهۆی خراپی باردودۆخی ئەمنی ناوچەكانیان، ئەوان ناتوانن بگەڕێنەوە.

وەزیری ناوەخۆ راشیگەیاند، هیوادارین ئاسایشی ئەو شوێنانە بەرقەرار بن، بۆ ئەوەی ئارەزوومەندانە تەواوی ئاوارە و پەنابەرەكان بگەڕێنەوە شوێن و پێگەی خۆیان، كە بەهاوكاری رێكخراوەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان، هان بدرێن، بگەڕێنەوە، لە هەمان كاتدا وتیشی: تا یەك ئاوارە رازی بێت لەم كەمپانە ژیان بەسەر ببات، دەرگای كەمپەكان داناخەین.

رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەیەكە هەست بەوە دەكرێت وڵاتانی كۆمەك بەخش بە رەچاوكردنی دۆخی بلاوبوونەوەی نەخۆشی  كۆرۆنا لەبەرچاو گرتنی دۆخی ئابووری هاوكاری هەرێمی كوردستان ناكەن، هەر بۆیە داوای كرد حكوومەتی فیدڕاڵ و وڵاتانی كۆمەك بەخش و نەتەوەیەكگرتووەكان، یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن بۆ ئەوەی ئەركەكانیان بەرامبەر ئاوارە و پەنابەران جێبەجێ بكەن.