image


پەیامی کورد... ئەنجامە بەراییەکان باس لە دۆڕاندنی حیزبوڵڵا دەکەن

جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لوبنان دەستیپێکرد و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان حیزبوڵڵا شکستی هێناوە.

حیزبوڵڵای لوبنانی یەکێکە لە ڕەوتە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسیی لوبنان، ڕۆیتەرز دەڵێت، لە کاتێکدا هێشتا تەواوی دەنگەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لوبنان جیا نەکراونەتەوە، وا دەردەکەوێت حیزبوڵڵا زۆرینەی پەرلەمانیی لەدەست دابێت.

بەپێی سەرچاوەکە کە زانیاریی لە سێ لایەنی هاوپەیمانی حیزبوڵڵاوە وەرگرتووە، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی دوێنێ یەکشەممەی لوبنان-دا، ژمارەی دەنگەکانی حیزبوڵڵا کە پارتێکی شیعیی ئەو وڵاتەیە کەمیان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە ئەگەرێکی دوورە حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی ٦٤ کورسی لە کۆی ١٢٨ کورسییەکەی پەرلەمانی لوبنان بەدەستبهێنن.

پێشتر و لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٨ی لوبنان-دا حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی ٧١ کورسییان بەدەست هێنابوو.

بەهۆی قەیرانی دارایی لوبنانەوە کە بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی هەژاری لەو وڵاتەدا و برسیبوونی خەڵکەکەی، دەنگدەران تووڕەن و بەپێی ڕاپرسییەکان «بێهیوابوون» لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەیان.