image

پەیامی کورد      ...     ڕاگەێندراوێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ەوە

جووتیار عادل ووته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی داعش بۆ سه‌ر میحوه‌ری كه‌ركووك، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌یپێكرد، پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق له‌ هه‌ماهه‌نگی كردن به‌رده‌وام بن.


ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش لە ناوچەى زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری کەرکووک، هێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەکانی خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر شەهید بوون.

لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین سەبووریان بدات.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەلماندویەتی تاکە هێزی متمانە پێکراو و پارێزەری دانیشتوانی ئەم ناوچانەیە و ئەو ھێزەیە کە لە ھەر جێگایەکدا بێت ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە گرنگی و پێویستی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لەو ناوچانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە ھەڕەشەیە لەسەر تەواوی عێراق و پێویستە هەموولایەکمان کار بکەین بۆ ڕیشەکێش کردن و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشەیە.

د جووتیار عادل
ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١