
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 28ی ئۆکتۆبەری 2018 " نێچیرڤان بارزانی " سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له " ماكسیم ماكسیمۆڤ " باڵیۆزی ڕووسیا له عێراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه پێكهاتبوون له " ڤیكتۆر سیماكۆڤ " كونسوڵی ڕووسیا و ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكاران و به‌رپرسانى دیكه، .
له دیدارەكەدا ماكسیمۆڤ باسى له دۆخی هه‌رێمى كوردستان دوای ڕووداوه‌كانی ساڵی ڕابردوو و هەروەها ئه‌و پێشكه‌وتنانه كرد كه تا ئێستا له هه‌رێم بەردەوامن و توانیویه‌تی به وتوووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌شێك له گرفته‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكات.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یه‌كی سەبارەت بە پڕۆسه‌ی وتوووێژی نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان خسته ڕوو و پشتگیری هه‌رێمی كوردستانی بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق، نیشان دا.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و به‌شداریی به‌هێزی لایه‌نه كوردستانییه‌كان تیایدا و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كرا و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ڕووسیایان به‌رز نرخاند به‌تایبه‌تی له بواری ئابووریدا كه كۆمپانیاكانی وزه‌ی ڕووسیا له هه‌رێمی كردستان به جیددی كار ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن له بواره‌كانی كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، ڕۆشنبیری و بازرگانیشدا په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر به‌ره‌وپێش بڕوات.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشهاته‌كان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.