image

پەیامی کورد     ...   نێچیرڤان بارزانی  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى لۆردەکانى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه

له‌ دووه‌مین ڕۆژى سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌یدا بۆ شانشینى یه‌كگرتوو، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2021/9/16  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ لۆرد جۆن ماكفۆل، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى لۆردان له‌ په‌رله‌مانى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى عیراق و ناوچه‌كه‌، پرۆسه‌ و ژیانى سیاسى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، شه‌ڕى دژى تیرۆر، كۆڤید_19، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر عیراق و هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جیى بایه‌خى هاوبه‌ش، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

به‌ڕێز لۆرد ماكفۆل ستایشى پرۆسه‌ى دیموكراسى له‌ هه‌رێمى كوردستان و دانانى كۆتا بۆ مسۆگه‌ر‌كردنى به‌شداریى ئافره‌تان و نوێنه‌رى پێكهاته‌كان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و ژیانى په‌رله‌مانى و دامه‌زراوه‌كانى حكوومیدا كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانى به‌ریتانیا له‌ پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ پێشنیار و ڕاسپارده‌ ده‌داته‌ حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى، هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێكشكاندنى داعشدا كرد.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌وامیى پشتگیریى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى لۆردان و حكوومه‌تى به‌ریتانیا له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى به‌ریتانیاى كرد كه‌ تاوانه‌كانى داعشى به‌رامبه‌ر به‌ ئێزدییان و پێكهاته‌كانى دیكه‌ له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ جینۆساید ناساندووه‌ و داواى كرد په‌رله‌مانى به‌ریتانیا له‌ پته‌وكردنى دیموكراسى و دامه‌زاروه‌كانى وڵاتدا، هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات.