image


پەیامی کورد... مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشە خۆکوژییەکەی سعوودیە دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی پارێزگای جەددە لە سعوودیە بڵاکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە ١٣/٨/٢٠٢٢، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاویکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو تەقینەوە خۆکوژییە دەکەین کە لە جەددە ڕوویدا و لە کاتێکدا هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ بریندارانی ئەم هێرشە قێزەونە ڕادەگەیەنین، لەگەڵ شانشینی سعوودیە و ناوچەکە بەگشتی دژی تیرۆر وەستاوین".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی ئاسایشی سعوودیە، دوێنێ هەینی ١٢/٨/٢٠٢٢، داواکراوێک لە کاتی دەستگیرکردنی لە گەڕەکی (ئەلسامر) لە پارێزگای جەددە خۆی تەقاندەوە و لە ئەنجامدا ٣ کەس لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و کەسێکی پاکستانی برینداربوون، داواکراوەکەش دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.