image


پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: جێبەجێکردنی دەستوور لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کۆبوونەوە و بارودۆخی سیاسی عێراقیان تاوتوێکرد.

ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 14/8/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کرد و لە دانیشتنەکەدا دوا رەوشی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەسەر کرا.

سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی رۆلێکی کارایان لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکانی عێراق ڕێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر و هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە تاکو عێراق لەو دۆخە مەترسیدارە رزگار بکەن.

لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی بۆ هەموو جۆرە دانوستان و گفتوگەیەک دەربڕی کە لە سەر بنەمای یەکترقبوڵکردن و بەهێز کردنی متمانەی نێوان گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێکهاتەکانی عێراق زۆر بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە کە دەکرێت ببنە بنەمای لەیەکتر نزیکبوونەوە و چارەسەری کێشەکان.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوەش کردەوە کە جێبەجێ کردنی دەستوور لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانە و عێراق دەخاتە سەر ڕاستەڕێی پێشکەوتن و بووژانەوە.