
ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک وەبەرهێنەر کرد کە بڕیاریانداوە لە سەر ئەرکی خۆیان، ١٠ قوتابخانە لە ناو شار و سنووری پارێزگای هەولێر درووست بکەن.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ دەستپێشخەری ئەو وەبەرهێنەرانە، ڕۆڵی کەرتی تایبەتی لە پرۆسە بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند . سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرینگییەکی زۆر بە خوێندن و فێرکردن دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش، جیا لە درووستکردنی قوتابخانە و خوێندنگەی هاوچەرخ پێویستە بایەخ بە درووستکردن و پەروەردەکردنی مرۆڤی بەتوانا و لێهاتوو و نیشتمان پەروەریش بدرێت و هەموومان کار بۆ زیاتر پێشخستنی کوردستان بکەین لە هەموو بوارەکاندا.