image

پەیامی کورد     ...    مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ ی ئەیلوولی ٢٠٢١ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە ژەنەراڵ ریچارد بێڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد.

لە دیدارەکەدا ، دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕی تیرۆر پێشهات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی عێراق و سووریا، تاووتوێ کرا.
جێگری فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، هاوخەمی خۆی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند بۆ ئەو دوو پێشمەرگەیەی دوێنێ لە دۆڵێ نەقەبای ناحیەی نەهلێی سەر بە قەزای ئاکرێ بەهۆی بۆمبێکی چێندراوی پەکەکە شەهید بوون، پشتیوانیی هاوپەیمانانیشی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر،  بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
سەرۆکی حکوومەت، سوپاسی هاوکاری و پشتگیری هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و جەختی لە گرینگی کاراکردنی سەنتەرەکانی هەماهەنگی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی کرد لە پێناو سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆر.