image

پەیامی کورد    ...   ئامارێکی مەترسیدار لە تێرۆر بوونی ٧٠٪ دژبەرانی ئێران لە هەرێمی کوردستان

دامەزراوەیەکی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ : ئێران ٥٤٠ بەرهەڵستکاری لە دەرەوە کوشتووە یان ڕفاندووە.

دامەزراوەی عەبدولڕەحمان بروومەند، باس لەوە دەکات کە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هێزە ئەمنییەکانی ئەو ووڵاتە لانیکەم ٥٤٠ بەرهەڵستکاریان لە دەرەوە کوشتووە یان ڕفاندوویانن و لەو
.ژماریەش زیاتر لە ٧٠٪یان لە هەرێمی کوردستان بوون.

دامەزراوەی عەبدولڕەحمان بروومەند کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکا کە لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵدا لانیکەم ٥٤٠ بەرهەڵستکاری حکوومەتی تاران لە دەرەوەی ووڵاتەکەیان کوژراون یان ڕفێندراون.

ئەو ناوەندە هەروەها ڕوونیشیکردۆتەوە کە  ٣٨٠ بەرهەڵستکاری ئێران لە هەرێمی کوردستان کوژراون یان ڕفێندراون و ٣٠ کەسیش لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا ٣٢٩ بەرهەڵستکاری حکوومەتی تاران لە باشووری کوردستان کراونەتە ئامانج.

لەدوای عێراق و هەرێمی کوردستان هەر یەک لە پاکستان، تورکیا، فەڕەنسا، ئەفغانستان و ئاڵمانیاش لە ریزی پێشەوەی ئەو ووڵاتانەدان کە زۆرترین بەرهەڵستکاری ئێرانیان تێدا کراوەتە ئامانج و ژمارەیەک بەرهەڵستکاریش لە نەمسا، سویسرا، بەریتانیا، سوید، ئەمریکا، ئیمارات، ئازەربایجان، هیندوستان، پۆلۆنیا، ئیسپانیا و فیلیپین و چەند ووڵاتێکی دیکە بوونە ئامانجی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێران.

ئەو دامەزراوەیە جەختی لەوەشکردۆتەوە، کە ڕزگاربوونی بەشێکی زۆری ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بەتایبەتی لەو ووڵاتانەی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیان نییە، وایکردووە کردنە ئامانجی بەرهەڵستکارانی ئێرانی تیایاندا بەردەوام بێت و داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە لەو بارەوە ڕێوشوێنی تووند دژی ئێران بگرنەبەر.