
پەیامی کورد... ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەكەی ورمێ گەیشتە زیاتر لە 500 كەس
پارێزگاری ورمێ ئاشكرای كرد، ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەكەی پارێزگای ورمێ بەرزبووەتەوە بۆ 528 بریندار، هەروەها 50 خانووش بە تەواوەتی رووخاون.
دەسەڵاتدارانی پارێزگای ورمێ بڵاویان كردووەتەوە، بەهۆی بومەلەرزەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 528 برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە كە 135یان هێڵراونەتەوە و ئەوانی دیكە دوای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
لای خۆیەوە موجتەبا قەمەری بەڕێوەبەری فریاكەوتن لە زانكۆی پزیشكی "خۆی" رایگەیاندووە، 68 كەس بەهۆی شكانی ئەندامی جەستەیان وەك دەست و پێ و سەر لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
بەپێی زانیاریەكان، بوومەلەرزەكە 12 گوندی سەر بە شاری خۆی گرتووەتەوە و 500 خانوو زیانیان پێگەیشتووە و 50 خانوو بە تەواوی روخاون و 450 خانوو بەڕێژەی 20% تاوەكو 50٪ زیانیان پێگەیشتووە.