image

پەیامی کورد      ...    ئەم ناوچە مێژووییەی کوردستان لە مەترسییەکی زۆر جیددی دایە

پڕۆفیسۆر میقداد پیرساحب باسى مەترسییەکانى گواستنەوى ئاوى سیروان و پیسبوونى ئاوى بڵ دەکات و دەڵێت: زیادبوونى چاوەڕواننەکراوى ڤایرۆسە ئاوییەکانى نێو هانەى بڵ کە بە هۆى تێکەڵبوونى زێراوەکانى شارى پاوە و گوندەکانى دەوروبەرییەوەیە، مەترسى گەورەى لەسەر خەڵک دروست کردووە.

پڕۆفیسۆر میقداد پیرساحب ڕایگەیاند کە کێشەى کەم ئاوى زیانێکى چارەسەرنەکراوە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوە میراتى سەدان ساڵەى باخەکان و ژیان لە هەورامان تووشى مەترسى جیددى دەبێتەوە و گۆڕانى ئاو و هەوا هۆکار دەبێت بۆ تێکچوون و لە ناوچوونى میراتى کولتووری هەورامان کە لە یوونێسکۆ ش تۆمار کراوە و ووردە ووردە خەڵک ناچار دەبن هەوارەکانیان جێ بهێڵن و ڕوو بکەنە شارەکان.

 پسپۆڕانى بوارى تەندرووستى پاوە چەندین ساڵە باس لەوە دەکەن کە مەترسى لەسەر تاقە سەرچاوەى ئاوى خواردنەوەى شارى پاوە و نەوسوود و نۆدشە و چەندین گوندى دیکە کە ئەویش " هانەى بڵ " ە کە دەڕژێتە ناو ڕووبارى سیروان. ئێستا بە گواستنەوەى ئاوى ڕووبارى سیروان بۆ سەدان کیلۆمەتر ئەولاترەوە بە ناوى گەڵاڵەى گەرمسێرى، مەترسى گەورەى لەسەر ڕەوتى سیروان درووست کردووە کە سەدان ساڵە هۆکارە بۆ دەستەبەرکردنى ئاوى باخەکان و خەڵک و لەو ئاوەش کە کێشراوە نە بۆڕییەک و نە جۆگەلەیەک نەکێشراوە بۆ ناوچە هەورامی نشینەکان!

بە داخەوە ڕژیمی کۆمارى ئیسلامى بووەتە هۆکارى هەموو بەدبەختییەکى گەلانى ئێران و بە هۆى بڕیارە ناپسپۆڕانەکانی بەرپرسانی ناشارەزا  و ئاخوندەکان و پیلانگێڕییە سەربازی و ئەمنییەکانیان، بوونەتە هۆى گۆڕینى دیمۆگرافیاى کوردستان و ناوچەکانى دیکە و وا ووردە ووردە ئاسەوارەکانى ئەم گۆڕانکارییە ژینگەییە دەردەکەوێت و خەڵک ناچارن شوێنەکانى خۆیان جێ بهێڵن!