image


پەیامی کورد... پەیامی مه‌سرور بارزانى بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى كوردستان، بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی، په‌یامێكى پیرۆزبایی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان بێت."

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31/12/2022، مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى پیرۆزبایی بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2023، پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەپێدانی زیاتری کوردستان بێت."

سه‌رۆكى حكوومه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌: "سەرەڕای سنوورداریی تواناکانی بەردەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا، توانیمان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لە شارەکانی کوردستان، لە بوارەکانی ڕێگەوبان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدەین، ئەمە جیا لەوەی ساڵی ڕابردوو، لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و ئەورووپا، ساڵێکی بەرهەمدار بوو."

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانى باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "بەڵام بەداخەوە، لە ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی چەندین هێرش و پەلاماریش بووینەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی ئارامیی و سەقامگیریی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و هیچ کاتێک مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەنێک، بۆیە هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستوور و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاریی هەموو لایەک، درێژە بە پرۆسەی چاکسازییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بدەین، بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و ڕێز لە سەروەریی یاسا بگرین."

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌شڵێت: "ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان و دەستەبەربوونی ئاشتی و ئاسوودەیی بێت بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی، ساڵی نوێ لە هەموان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت."