image

پەیامی کورد      ...    مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەێندراوێكدا ووڵامی ڕوونكردنەوەكەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەداتەوە

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەێندراوێكدا ووڵامی ڕوونكردنەوەكەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەداتەوە و رایدەگەێنێت: "مافی تەواوی ئەوەمان هەیە كە ھەموو ڕێگایەكی شەرعی، یاسایی و سیاسی بگرینە بەر بۆ بەرگریكردن و پاراستنی دەنگی جەماوەر و لایەنگرانی خۆمان". 

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیندراوەكەیە:

دەربارەی بەیاننامەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لەوەی پەسند بكرێت، كە تێیدا وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەمان بە درێژكردنەوەی ماوەی تانەلێدان كردبوو. دوێنێ پێنجشەممە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ڕوونكردنەوەیەكی لە ووڵامی بەیاننامەكەی پارتیمان بڵاو كردەوە.

لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕوون دەكەینەوە كە پێشتر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری ژمارە «٥» ی لە كۆنووسی ئاسایی ژمارە ٤٤ لە ٢٨ / ١٠ / ٢٠٢١ ی دەركردبوو، كە تێیدا ڕێپێدانی فەراھەم كردبوو بۆ ھەموو ئەوانەی تانە دەگرن لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە ڕێگای پێشكەشكردنی بەڵگەنامە و دۆكیومێنتی پێویست بۆ سەلماندن و ئیسباتكردنی ناڕەزایی و سكاڵا و ھۆكاری تانەلێدانیان لە ھەمبەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ھەر لە ڕێكەوتی ٢٩/١٠/٢٠٢١ تاوەكو ماوەی كۆتایی دەوامی فەرمی لە ٣١/١٠/٢٠٢١.

لێرەوە بۆ ھەمووان ڕوونە كە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارە ٣١ ی ساڵی ٢٠١٩ و بە تایبەت لە ماددە ٢٠ بە هەرسێ خاڵەكانی، كە ماوە و چۆنییەتی پێشكەشكردنی سكاڵا و تانەلێدان لە ھەمبەر یاساكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران ڕێك دەخات، ھیچ ئاماژە و ڕوونكردنەوەیەكی تێدا نییە سەبارەت بە ھاوپێچ و بەدواداچوونی سكاڵا و تانەلێدان یان شتێكی لەو بابەتە و سەرجەم تانەكان لە بەرامبەر ئەنجوومەنی كۆمسیاران پێشكەش بەدەستەی دادوەری دەكرێت بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگای كۆمسیۆنەوە و ئەنجوومەنی كۆمسیاران پابەندە بە وەڵامدانەوەی دەستەی دادوەری ھەڵبژاردنەكان و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی ئەو دەستەیە سەبارەت بە ئەنجامی تانەكان لە ماوەیەكدا كە لە حەوت ڕۆژ تێپەڕ نەكات لە ڕۆژی پێشكەشكردنی داواكارییەكە بۆ كۆمسیۆن.

ھەرچەندە بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمسیاران بە ڕواڵەت ناونیشانی «درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی تانەلێدان»ی تێدا نییە لەبەر ئەوەی ھەمووان دەزانن ئەم ڕەھەندە پێچەوانەی یاسایە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆكەوە حوكمی ئەم بڕیارە وەكوو درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردنی سكاڵاكانە. هەروەها بڕیاڕە ئاماژەپێكراوەكەی كۆمسیۆن لەسەرەوە لە سەرەتاكەی ئەوەمان پێ دەڵێت كە ھۆكاری دەرچوونی بڕیارەكە لە ئەنجامی چەند نامەیەكە كە گەیشتووەتە دەست ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە لەلایەن بەڕێز سەرۆككۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سەبارەت بە خشتەی كارەكانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و چۆنیەتیی تاوتوێكردنی لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنەوە.

لێرەوە ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پابەندبوونی خۆمان و ڕێزگرتنی پارتەكەمان یۆ سەروەریی یاسا دووپات دەكەینەوە و لەوەش دڵنیاین كە ئەو لایەنەی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق و یان لە ھەر وڵاتێك بەڕێوە دەبات، ناتوانێت بڕیارەكانی تایبەت بە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان و ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لەڕووی ناوەڕۆكەوە بە شێوەیەكی وا دەربكات، كە پێچەوانەی دەق و یاساكانی ھەڵبژاردن بێت یان ئەو یاسایانەی كە پەیوەندیدارن بە یاسای ئەو لایەنەی كە ھەڵبژاردنەكان بەڕێوە دەبات، ئینجا ڕواڵەتی بڕیارەكە ھەر چۆنێك بێت و ھەمووانیش دەزانن كە تاوەكو ئێستا و لە دوای تێپەڕبوونی پەنجا ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان، ھێشتا ماراسۆنی ھەڵبژاردنەكە كۆتایی نەھاتووە و تاوەكو ئێستاش ئەنجامی كۆتایی پەسند نەكراوە بە ھۆكاری جێبەجێكردنی بڕیارێكی لەو شێوەیە.

بۆیە لێرەوە بۆ ھەمووان ڕایدەگەیەنین كە پارتیمان مافی تەواوی ئەوەی ھەیە كە ھەموو ڕێگایەكی شەرعی، یاسایی و سیاسی بگرێتە بەر بۆ بەرگریكردن و پاراستنی دەنگی جەماوەر و لایەنگرانی خۆی.

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان