
پەیامی کورد ... مەحموود عوسمان: پێشنیارەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم لە کاتی خۆیدا بوو
ئەمڕۆ لە پەیامێکیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشنیاری کرد لایەنە عێراقییەکان دەست بە دانووستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای عێراق و سیاسەتمەدارێکی کوردیش پێی وایە، پێشنیارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەجێی خۆیدایە.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ڕایگەیاند: ''کێشەی ئێستای عێراق بەھۆی کشانەوەی سەدرە، چوونکە مافی سەدر بوو حکوومەتی نوێی عێراق پێک بێنێت کە ڕێگە نەدرا ئەویش تا پێی بکرێت ڕێگر دەبێت لە بەردەم لایەنەکانی دیکە، بەڵام دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەجێی خۆیدا بوو، تا لایەنە عێراقییەکان دەست بە دانووستان بکەن.''
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ووتیشی: "پێشنیارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان شتێکی مەعقوولە بۆ دەستپێکردنی دانووستان لە نێوان لایەنە عێراقییەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی ناکۆکن، چوونکە دەبێت شوێنێک ھەبێت بۆ دانووستان.''
د. مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەگەر لایەنە عێراقییەکان پێشوازی لە پێشنیاری نێچیرڤان بارزانی بکەن و لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، یان ھەر شوێنێکی دیکە کۆ ببنەوە، دەتوانن بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، چوونکە تەنیا ڕێگە لە بەردەم عێراقییەکاندا دانوستان و ڕێککەوتنە، ئەمڕۆش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەو پێشنیارەی کردووە بەڕای من شتێکی باشی کردووە.''