image


پەیامی کورد … لە شاری سنە ژنێک لەلایەن براکانیەوە کوژرا

ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری سنە بە پاساوی نامووس و شەرەف لەلایەن براکانیەوە کوژرا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٣ی دێسامبری ٢٠٢١، ژنێکی لاو بە ناوی سەحەر مورادی تەمەن ٣٣ ساڵ لەلایەن براکانییەوە بە ناوەکانی حەمید و ئومید مورادیلە گوندی باوەڕێز سەر بە شاری سنە بە چەقۆ کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەحەر مورادی کە دایکی دوو منداڵ بووە و هاوژینەکەی بە ناوی حەیدەر ڕەزایی دوو ساڵ پێش مردووە، بە بیانووی ئەوەی کە لەگەڵ پیاوێک پەیوەندی هەبووە لەلایەن براکانیەوە بە چەقۆ کوژراوە. جێگای ئاماژەیە کە سەحەر سەرپەرەستی مناڵەکانی لە ئەستۆ بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەز حەمید و ئومید بە گومانی ئەوەی کە خۆشکەکەیان لەگەڵ پیاوێک پەیوەندی هەبووە داویانەتە بە رئەشکەنجە و کێدان و بە هۆی سەختی برینەکانیەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گوازراوەتەوە.سەحەر مورادی دوای ئەوەیکە ڕۆژی هەینەی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی (شەوبۆ ڕەزایی) لەلایەن دوو براکەیەوە بە چەقۆ کوژراوە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی سەرماوەز بە بێ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ، تەرمی سەحەر مورادی لە گوندەکەی خۆی ئەسپەردە کراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی  ئەم هەواڵە هیچ کام لە بکوژەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر نەکراون.

بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێک کە حەوتووی ڕابردوو لە لایەن هەنگاو بڵاو کرایەوە، لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لانیکەم ٤٤ ژن لە شارەکانی کوردستان کوژران کە ١١ حاڵەتیان (٢٥٪) کوژران بە بیانوو و پاساوی نامووس بووە.