image


پەیامی کورد... لاوێکی خەڵکی جوانڕۆ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ٧کەس لە گیابەختکردوانی بەرخۆدانی جوانڕۆ، هێزە حکومەتییەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و بورهان ئەلیاسی لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) بورهان ئەلیاسی، دووکاندار و تەمەن ٢٢ ساڵ، دوای پێکرانی بە گوللەی هێزە حکومەتییەکان، بۆ نەخۆشخانە گواستراوە کە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

لە کاتی دەستڕێژی هێزە حکومەتییەکان لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە، سەرەڕای گیان لەدەستدانی بورهان ئەلیاسی، ٨ هاووڵاتی دیکەش بەسەختی بریندار بوون.

لەنێو بریندارەکاندا منداڵێکیش هەیە و باری تەندروستی دوو کەس لەوان مەترسیدار ڕاگەیندراوە.

هێزە حکومەتییەکان سەرەڕای داخستنی ڕێگاکانی چوون بۆ گۆڕستان، لە ڕێگاکانی دەرەوە و نێو شاردا تەقەیان لە خەڵک کردووە. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە هەنگاو پێشتر بڵاوی کردووەتەوە ئەم هێزانە گازی فرمێسکڕێژیان ڕوو بە خەڵک بەکار هێناوە.