image


پەیامی کورد ... هونەرمەند شەهرام نازری، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی باشووری کوردستانەوە خەڵات کرا

بە مەبەستی ڕێزگرتن لە پەنجا ساڵ تێکۆشانی شەهرام نازری، هونەرمەندی ناوداری کورد، لە پێناو خزمەت بە هونەری کوردی، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەلات کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، شەهرام نازری، هونەرمەندی ناوداری کورد و خەڵکی شاری کرماشان، کە زیاتر لە پەنجا ساڵە خزمەت بە هونەر، گۆرانی، شێعر، مێلۆدی و میوزیکی کوردی دەکات، لە کۆڕێکی شکۆدار لە شاری هەولێر و لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەلات کرا.

لە سەرەتای کۆڕەکەدا حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و لەنێوئاخنی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە؛ ناوی "نازری" وەکوو کوردێکی ڕەسەن لە بواری هونەردا دیار و درەوشاوەیە و خزمەت و شانازیی بە هونەری کوردی دەکات، کە تاکوو ئێستا زیاتر لە چل ئەلبۆمی گۆرانی و میوزیکی بڵاو کردووەتەوە.

وەزیری ڕۆشنبیری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە خەڵکی کوردستان سەربەرزن بە میوانداری و ڕێزلێنان لە هونەرمەندی گەورەی کورد، بەڕێز شەهرام نازری.

شەهرام نازری، دوای پەنجا ساڵ لە خزمەتی هونەری کوردی دەڵێت: دوای گەشتە دوورودرێژەکانم بە دنیای میوزیکی نەتەوەکاندا، بۆم دەرکەوت کە ئەوەی تاکوو ئێستە بە پاکی و بەبێ گۆڕانکاری و لەدەستدانی شوناس مابێتەوە، هونەری کوردییە، چونکە سەرچاوەکەی لە زمانی کوردییەوەیە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕەکەدا لەلایەن حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەڕێمی کوردستان، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان (باشوور) و چەند ڕێکخراو و دامەزراوەی دیکە هونەریی هەرێمی کوردستانەوە خەڵاتی تایبەت بە هونەرمەند شەهرام نازری بەخشرا.

نازری، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا وتی: زۆر خۆشحاڵم کە ئێستە لەناو خەڵک و خاکی خۆمدام، لەوەتەی خزمەتی هونەری دەکەم، من هەموو هەوڵێکم بۆ ئەوە بووە کە کار بۆ پێشخستنی مێژووی کورد و بووژانەوەی میوزیک و هونەری کوردی بکەم.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا وتی: "ئەمڕۆش کە لێرە خەڵات دەکرێم، بەرانبەر هەموو ئەو خەڵاتانەی لە ماوەی ڕابردوو و لە سەرانسەری وڵاتانی جیهاندا وەرم گرتوون، لە هەموویان باڵاتر و بەنرخترە".

هەروەها لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەی کرد کە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر خزمەتی هونەری کردووە، بەڵام دەبێت ئەو خزمەتە کاریگەریی ببێت و هەموو کایە هونەرییەکان بگرێتەوە.

ناوەندی نووسەرانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە هونەرمەند شەهرام نازری، هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ئەخوازێت.