image


پەیامی کورد... حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان : نەوت‌ و غاز موڵکی هیچ حزبێك نییە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "نەوت‌و غاز موڵکی هەموو خەڵکی هەرێمه‌و هی هیچ حزب‌و لایەنێک نییەو لەئەنجومه‌نی وەزیرانیش گوێمان لەهیچ نیگەرانییەک نەبوە لەسەر ئەو پرسه‌"، ئاشكراشیده‌كات، هه‌فته‌ى داهاتوو شاندى هه‌رێم ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا.

جوتیار عادل وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "نەوت‌و غازى هه‌رێم موڵکی هەموو خەڵکی هەرێمه‌و هی هیچ حزب‌و لایەنێک نییە، له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ش تائێستا لەئەنجومه‌نی وەزیران گوێمان لەهیچ نیگەرانییەک نەبوە".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ى گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی عێراقئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەسەر چوار پرس سەردانی بەغدای کرد، وەک نوسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجەو جێگیریکردنی پشکی هەرێم‌و هەروەها بابەتی نەوت کە پەیوەستە ئیستحقاقاتی هەرێمی‌و هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان‌و نەوتی عێراق تائه‌وكاته‌ى یاسای نەوت‌و گازی عێراق پێشکەشدەکرێت".

باسی له‌وه‌ش كرد، "بیروڕای هەردولا لێکنزیکبون، مەلەفێکی دیکە لەسەر دەروازە سنورییەکان بوو، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم یاسای دەروازە سنورییەکان بەنادەستووری لەقەڵەمدەدەین، چونکە بەبێئەوەی ئەو دەسەڵاتەی دراوە بەهەردوو حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی عێراق، دەبێت هاوبەش بێت، بەڵام ئامادەین کە بگەینە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لەدەستور هاتوە".

ڕاشی گه‌یاند:"بابەتێکی دیکە تایبەتە بەچاودێری دارایی، ئەو بابەتە لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هه‌ولێرو به‌غدا لەئاستێکی باشدایە، لەم سەردانەشدا جارێکی دیکە داتاکانمان داوەتەوە بەهه‌ردوو وەزارەته‌كانى دارایی‌و پلاندانانى عێراق، تاڕادەیەکیش باش بیروڕای هاوبەشمان هەبوو".

جوتیار عادل سه‌باره‌ت به‌واده‌ى سه‌ردانكردنه‌وه‌ى به‌غداش وتی، "لەکۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی جەختیكردۆته‌وه‌، پێویستە هەفتەی داهاتوو شانده‌كه‌ى هه‌رێم بچێته‌وه‌ بەغدا بۆ درێژەدان بەگفتوگۆکان، لیژنەی ناوەکی لەنێوان هەردولا دروستبوە، لەسەر مەلەفەکانی نەوت، بودجە، چاودێری دارایی‌و دەروازە سنورییەکان، لیژنەکان بەجیا کاری خۆیان دەکەن".

وته‌بێژی له‌باره‌ى نیگه‌رانیه‌كانى یه‌كێتیش له‌حكومه‌تى هه‌رێم،ئه‌وه‌ی خسته‌روو:"هەموو بڕیارەکانی حکومەت بەهاوبەشی بونە، ئێمە سەرەتا وتومانە ناکرێت حکومەت بکرێت بەبەشێک لەکێشە سیاسییەکان، هەر گلەیی‌و گازندەیەکیش هەبێت دەبێ لەئەنجومەنی وەزیران باسبکرێت".

هه‌روه‌ها وتیشی :"نەوت‌و غاز موڵکی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانەو هی هیچ حزب‌و لایەنێک تەنانەت هی حکومەتیش نییە، لەناو ئەنجونی وەزیران گوێمان لەهیچ نیگەرانییەکیش نەبوە، ئەم بابەتە پەیوەستە بەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان‌و بەرژوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان".