image


پەیامی کورد... حدکا: کۆماری ئیسلامیی ئێران پلانی داناوە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان بەرەو تووندوتیژی زیاتر ببات

ناوەندی بەڕێوەبەریی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی ئەو ناوەندە لە دوو راگەیەندراوی جیادا هۆشداری دەدەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران پلانی داناوە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان بەرەو تووندوتیژی ببات و داوا دەکەن، خۆپێشاندەران نەکەونە ئەو داوە.

لە راگەیەندراوێکدا ناوەندی بەڕێوەبەریی حدکا دەڵێت: "دەبێ تێچووی گیانیی ئەو خەبات و راپەڕینە لەسەر گەلەکەمان کەمتر بکەینەوە".

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵدەدات ناڕەزاییەکان بەرەو تووندوتیژییەکی رووت و خوێناویی ببات. هەڵکوتانەسەر ماڵ و سووتاندنیانیش بە پێچەوانەی بەها شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازییەکانی خەباتی کورد ناو دەبات.

هەروەها مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش لە پەیامێکدا دەڵێت: "دەبێ تێچووەکانی ئەم راپەڕینە کەم بکرێتەوە".

هیجری دەڵێت، "شەهیدبوونی لاوانی کوردستان بە مانای لەدەستچوونی سەرمایەیەکی گرانبەهایە. بە روونیش دیارە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ راستەوخۆ ئاراستەی خۆپێشاندانەکان بەلاڕێدا بەرێ. هەربۆیە خەڵکی کوردستان دەبێ بە وشیارییەوە لەگەڵ پیلانەکانی رژێم و نەیارانی گەلەکەمان هەڵسوکەوت بکەن."

65 رۆژە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچێت. لە رۆژی سێشەممە15-11-2022ـەوە ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بوون و لەو ماوەیەدا 29 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون. بەپێی زانیارییەکان لەنێو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس بڵاوەیان پێکراوە.

بەوتەی مستەفا هیجری، "هەموو نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانی ئێران شانازی بە شەهیدبوون لەپێناو ماف و ئازادییەکانی گەلدا دەکەن، بەڵام لەم قۆناغەدا پاراستنی گیانی خەڵکی کوردستان و خەباتکارە خۆنەویستەکانان دەبێ لە ئەولەوییەتدا بێت، بەتایبەت داوا لە لاوە بوێرەکانمان دەکەم بە شێوەیەک درێژە بە ڕاپەڕین بدەن کە کەمترین تێچووی گیانی هەبێت."