image


پەیامی کورد … په‌رله‌مانى كوردستان به‌دواداچوونه‌كانى له‌باره‌ى هێرشه‌كانى داعش بۆسه‌ر پێشمه‌رگه‌ تاوتوێده‌كات

په‌رله‌مانى كوردستان كۆدەبێتەوە و خستنەڕووی بەدواداچوونه‌كانى له‌باره‌ى هێرشەكانی داعش بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگه‌ و داهاتی هەرێم تاوتوێده‌كات.

ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ بانگهێشتنامه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتارانی كردووه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاری دا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره (10)ی ئاسایی خولی پاییزەی ساڵی سێیەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، له كاتژمێر (12)ی پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشەممه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

بەپێی بانگهێشتنامەكەی سەرۆكی پەرلەمانی، بڕگەیەكی كارنامەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، خستنەڕووی بەدواداچوون و ڕاسپاردەی هەردوو لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە) و لیژنەی (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) دەبێت سەبارەت بە هێرشەكانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە.

 

كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت:

یەكەم: بەبۆنەی یادی دە ساڵەی كۆچی دوایی دۆستی كورد، خاتوو (دانیال میتران)، بڕگەی یەكەمی بەرنامەی كار بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت.

١بەخێرهێنان و وتەی سەرۆكی پەرلەمان، بەبۆنەی ئامادەبوونی بەڕێز (جیلبەرت میتران)، كوڕی دۆستی كورد خاتوو (دانیال میتران).

 

٢وتەی بەڕێز (جیلبەرت میتران).

دووەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

سێیەم: دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (سیروان فه‌ره‌ج محه‌مه‌د) لە ئەندامیەتیی (لیژنەی پەیوندییەكان و ڕەوەندی كوردستانی)، بەپێی حوكمی ماددەی (28) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

چوارەم: خستنەڕووی بەدواداچوون و ڕاسپاردەی هەردوو لیژنەی (كاروباری پێشمەرگە) و لیژنەی (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم)، سەبارەت بە هێرشەكانی ڕێکخراوى تیرۆریستیى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام، ناسراو بە (داعش) بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە.

پێنجەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانى (88،87،89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

شەشەم: خستنەڕووی بەدواداچوونی لیژنەی (دارایی و كاروباری ئابوری)، سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان.