image

پەیامی کورد      ...    هەموو هەولێک دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین

چەند ڕۆژێکە نرخی بەنزین ڕووی لە ھەڵکشانە و جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان.

گولیزار سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان ، ڕایگەیاند: "بڕیارە لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی گرانبوونی نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و چەند پێشنیارێکیش ئامادە کراون بۆ ئەوەی پێشکەشی حکوومەت بکرێن بە مەبەستی کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان کە ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.''

گولیزار سندی دەڵێت: "ھۆکار زۆرن، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان و بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بووە.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان ڕوونی کردوە: "لەگەڵ حکوومەت هەوڵ دەدەین بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، لەوانەش دابینکردنی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ و دەرکردنی کۆبۆن بۆ ئۆتۆمبێڵەکانی تەکسی و دەرفەتی ھێنانی بەنزین بۆ ھەموو کۆمپانییەکان وەک فەرھەم بکرێت و قۆرخکاری نەمێنێت تا کاریگەری لەسەر ھێنانی بەنزین لە دەرەوە ھەبێت."

گولیزار سندی ووتی: "وەک لێژنەکەمان لەو بارەیەوە دانیشتن و گفتوگۆی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی میکانیزمێک بدۆزرێتەوە تا لەو ڕێگایەوە لەگەڵ حکوومەت لەسەر خەت بین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی نوێ و ئێمە پشتیوانی لە کەمکردنەوەی نرخی بەنزین دەکەین."